وەرگێڕانی لەفارسییەوە/ حەمەدەمین سلێمان
یوسی مەنشەرۆف (Yossi Mansharof)، لێکۆڵەری دیاری ئیسرائیلی لەبواری ئێرانو ئیسلامی سیاسی شیعە، شیکارییەکی لەسەر کاریگەریی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە لەسەر تێڕوانینی ئێران نووسیوە، کە دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسرائیلی (هیوم) ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە؛ لەخوارەوە دەتوانن وەرگێڕانی شیکارییەکە بخوێننەوە.
لەتەک لێکۆڵینەوە لەتوانای جێبەجێ کردنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە غەززە، بە پێویست دەزانرێت کە کاریگەرییەکانی ئەم پلانە لەسەر ئێران و ئەگەری وەڵامدانەوەی تاران له حاڵەتی جێبەجێکردنی پلانەکەشدا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت .
لە ڕواڵەتدا وادیارە ئەو پلانە پێشنیارکراوە پێگەی ستراتیژی ئیسرائیل بەهێزتر دەکات، لەبەرئەوەی بڕیارە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لە دەستی حەماس مسۆگەر بکات و ژێرخانی چەکی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەناوببات و هەلومەرجێک بەجۆرێک بڕەخسێنێت کە ئیدی ئیسرائیل پێویستی بە داگیرکردنی کەرتی غەززە نەبێت.
بە سەرنجدان له عەقڵییەتی پڕگومانی پیلانگێڕی ئێران و ڕەشبینی قووڵی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران بەرامبەر بە هەنگاوەکانی ئەمریکا، پێدەچێت تاران ئەو پلانە وەک هەنگاوێکی جددی لە دژی ڕژێمەکەی خۆی تەماشا بکات. ڕەنگە ڕێبەری ئێران گومان بکات کە پلانەکەی ترەمپ بە ئامانجی لاوازکردنی تەواوەتی یەک لە باڵە بەوەکالەتەکانی دیکەی تۆڕی ناوچەیی ئێران کە حەماسە گەڵاڵە کراوە . ئەمەش زەحمەتەکانی ئێستای حزبوڵڵا لە لوبنان، کەمبوونەوەی میلیشیا شیعەکان لە عێراق، داڕمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا زیاتر دەکات. لە ڕوانگەی تارانەوە، هەموو ئەمانە ئامانجی سەرەکیی بنیامین ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترامپە کە ئاماژەیە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران .
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران پێشتر پێشنیاری ترەمپیان بە "پلانێکی ئیمپریالیستی بۆ درێژەدان بە داگیرکردنی فەلەستین" لە قەڵەمداوە. ئەم پلانە هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران چونکە بە ڕاشکاویی حەماس و کۆنترۆڵی بەسەر غەززەوە لاواز دەکات .
ئەگەر حەماس ئەو پلانە قبوڵ بکات، دەستەڵاتی کەرتی غەززە ڕادەستی لیژنەیەکی تەکنۆکرات و ناسیاسی فەلەستینی دەکرێت کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی ناوچەکە لەژێر چاودێری دەزگایەکی نێودەوڵەتیی کاتی بە ناوی "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتی ترەمپ و ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی وەک تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لەخۆدەگرێت .
کاردانەوەی ئەرێنی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەرامبەر بەو پلانە، سیاسەتی ناوچەیی ئێران کە لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پەیڕەوی کردووە، لاواز دەکات. لە لوتکەی ئیسلامی دۆحە، تاران خوازیاری بەرەیەکی یەکگرتوو لەدژی ئیسرائیل بوو، نەک تەنیا شەرمەزارکردن بەڵکو داوای ڕێوشوێنی توندی کرد، لەوانەش سزای ئابووری و دیپلۆماسی دژ بە ئیسرائیل. پلانی ترەمپ ئەم ستراتیژە پێچەوانە دەکاتەوە؛ ئێستا پێدەچێت ئیسرائیل و دەوڵەتە سەرەکییە عەرەبییەکان هاوڕابن، نەک ئەو نەیارانەی کە ئێران بەدوایدا دەگەڕێت. جگە لەوەش ئەگەر حەماس ئەو پلانە ڕەت بکاتەوە، وەک چاوەڕوان دەکرێت پشتگیریی لەلاڕای ئەمریکا و پشتیوانی ناڕاستەوخۆی وڵاتانی عەرەبی بۆ داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێچەوانەی ستراتیژی ناوچەیی ئێران دەبێت .
ئێران چۆن وەڵامی دەداتەوە؟
چەند هۆکارێک دژایەتی تاران بەهێز دەکات: بێمتمانەیی خامنەیی بەکابینەی ترەمپ، خواستی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی نەزمێکی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و کەڵک وەرگرتن لە "جەنگی شمشێری ئاسنین" (جەنگی غەززە) و بە تایبەتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بۆ چەسپاندی نەزمێکی ناوچەیی بە پێچەوانەی خواستی تاران.
هەروەها تاران نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆوە دەگەڕێت لەگەڵ ئێراندا و لە ئەنجامدا دەبێت وەڵاتانی عەرەبی لە هاوکاری لەگەڵ تەلئەبیب لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیەدا پێش پێبگرێت .
لە ڕوانگەی ئێرانەوە، پلانەکەی ترەمپ دەتوانێت لێکەوتەی مەترسیداری بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە هەبێت . ڕەنگە تاران هەوڵ بدات تا دەوڵەتانی عەرەبی ڕازی بکات کە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی دژایەتی ئەو پلانە بکەن. پێدەچێت ئێران ئامۆژگاری حەماس بکات کە پلانەکە بقۆزێتەوە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە دوابخات تەنانەت ئەگەر ئاوارەبوونی کاتی فەلەستینییەکانیشی بەدوادا بێت، ئەوەش لە ڕێگەی تاکتیکەکانی وەک تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانەکە یان کاریگەری هاوپەیمانانی حەماس لە کۆمیتەی تەکنۆکرات کە بەرپرس دەبێت لە بەڕێوەبردنی غەززە .
هەڵبەت ناچارکردنی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان پێش چوونە دەرەوەی ئیسرائیل، ڕێگر دەبێت لە پەیڕەوکردنی ستراتیژیێکی فریودەرانەی ئێران و حەماس بۆ دەستکەوتنی ئیمتیاز لە ئیسرائیل بەبێ ئەوەی حەماس بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات . هەروەها چاوەڕوان دەکرێت تاران و حەماس بۆ بەڕێوەبردنی ئەو چەقبەستووییە تیشک بخەنە سەر نێوەندگیری قەتەر . تەنانەت ئەگەر حەماس لە کۆتاییدا پلانەکه ڕەت بکاتەوە، پێدەچێت ئێران هەوڵی ئەوە بدات سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بە بایەخی درێژەدان بە بەرخۆدان ڕازی بکات و نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە پشتیوانی بەرفراوانی وڵاتانی عەرەبی لەو پلانە بڕەوێنێتەوە .
لە کۆتاییدا پێدەچێت دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ گرنگترین ئامرازەکانی فشاری حەماس لەباربەرێت : (ئازادکردنی بارمتەکان پێش هەر کارێک و ناچارکردن بە چەک دانان) . هەروەها ئەو پلانە پێچەوانەی ستراتیژی درێژخایەنی حەماسە کە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر وەک سەرمایەیەکی سەرەکی تەنانەت بە نرخی لەدەستدانی کۆنترۆڵی غەززە بەکاردەهێنێت . سەرەڕای زیادبوونی فشارەکانی سەرکردەکانی عەرەب، چاوەڕوان دەکرێت حەماس ئەو پلانە ڕەت بکاتەوە یان لانیکەم بۆ دەستکاری کردنی ڕوو لە قەتەر بنێت تاکو هاوسەنگ بکرێت .
لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل پێش جێبەجێکردنی پلانەکە لێی سوودمەند بووە، چونکە هەوڵی ئێران بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامی یەکگرتوو لە دژی ئیسرائیل شکستی هێناوە. هەرچۆنێک بێت پلانەکە دەتوانێت ترسی ئێران لە ئامادە بوونی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ شەڕێک زیاد بکات کە دەکرێت ئەمجارەیان بە ئامانجی گۆڕینی ڕژێم بێت.
لەوەها هەلومەرجێکدا، مەترسیی لێکدانەوەی هەڵەی ئێران، لەوانەش ئەگەری هێرشی لەناکاو بۆ سەر ئیسرائیل، سیناریۆیەکە کە واشنتۆن و تەلئەبیب دەبێ بە جددی وەریبگرن.
بەرپرسانی باڵای ئێران وەک یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای ئەمنی خامنەیی، لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە داوای هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن. ئەم داواکاریانە ئێستاش لەئارادان، بە تایبەت دوای چالاککردنی میکانیزمی پەلەپیتکە کە ئەگەری لێکدانەوەی هەڵەی ئێران زیاد دەکات.
