شارپرێس:
چەند هەفتەیەک پێش یادی یەکەمی ڕوخانی ڕژێمی بەعسی سوریا لەکانونی یەکەمی 2024، هێشتا پرسیارگەلێکی زۆر لەبارەی چارەنوسی بەرپرسە باڵاکانی ڕژێمەکە کە تێوەگلاون لەتاوان دژی سورییەکانو چۆنیەتی هەڵهاتنیان بۆ دەرەوە، دەکرێت.
چەندین بەدواداچون ئاماژە بەوەدەکەن، لوبنان بوەتە خاڵی سەرەکی تێپەڕین بۆ ئەم بەرپرسانە، یەکێک لەدیارترینیان ژەنەڕاڵی پێشوو بەسام حەسەنە کە دوای هەرەسهێنانی ڕژێمەکە سوریای بەجێهێشتو دواتر بهگوێرهى بەدواداچونێکی کەناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی، لەبەیروت دەرکەوتوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی کەناڵی عەرەبییە، هەریەک لەعەلی مەملوک بەڕێوەبەری خانەنشینکراوی ئاسایشی نیشتمانی، محەممەد مەحەللا سەرۆکی لقی هەواڵگریی سەربازییو غەیاس دەللا بەرپرسی فیرقەی چوارەم، خاکی لوبنانیان وەک وێستگەیەکی کاتیی بەکارهێناوە پێشئەوەی بچنە مۆسکۆ، لەکاتێکدا عەبدولسەلام مەحمود بەرپرسی لێکۆڵینەوە لەهەواڵگریی ئاسمانیی سوریا لەڕێگەی لوبنانەوە بۆ ئێران هەڵاتوە.
لەبەرامبەردا، هێشتا عەمید عەلی زاهر بەرپرس لەنوسینگەی سەرۆکی ئاسایشی نیشتیمانیی، لەیەکێک لەناوچەکانی چیای لوبنان نیشتەجێیە.
لەمدواییانەدا داواکاری گشتیی لوبنان نوێنەرایەتییەکی دادوەریی فەڕەنسی وەرگرتوە کە داوای لێکۆڵینەوە لەبارەی مەملوک، جەمیل ئەلحەسەنو مەحمود دەکات لهگهڵ ڕادەستکردنیان لەئەگەری بونیان لەناو لوبنان.
نزال ئەلسەبع توێژەری سیاسی باس لهوهدهكات، حەسەنو مەحمود هێشتا لەلوبناننو ئینتەرپۆل پێشتر دەسەڵاتدارانی لوبنانی ئاگادارکردوەتەوە لەبونیان لەناو لیستێکدا کە 30 ئەفسەری دیکە لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بەژنەڕاڵ بەسام حەسەن کە تۆمەتبارە بەسەرپەرشتیکردنی هێرشە کیمیاییەکانو ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسی ئەمەریکی ئۆستن تایس، ئەوا بەیارمەتیی بەرپرسانی ئێرانی بەرەو ئێران ڕۆیشتوە پێشئەوەی بگەڕێتەوە بەیروتو لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی لەبارەی کەیسەکەوە لەگەڵدا بکرێت.
عالیە مەنسور ڕۆژنامەنوس دەڵێت، "ژمارەیەک لەکەسایەتییە دیارەکانی ڕژێمی پێشوو بەمۆڵەتی شەرعی لەلوبنان نیشتەجێن، کە سودیان لەو پشێوییە وەرگرتوە کە دوای ڕوخانی ڕژێمەکە هاتە ئاراوە".
