شارپرێس:
ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە ڕایگەیاند، ئازادی من لەئازادی گەلی کورد جیاناكرێتەوەو دەڵێت، سەرەڕای هەمو هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لەنیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبوژێتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی پەكەكە، پەیامێكی ئاراستەی ڕێپێوانی ئازادی بۆ ئۆجەلان، چارەسەر بۆ پرسی کورد لەکۆڵن كرد كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو دەڵێت،" ئەم هەنگاوەتان زۆر گرنگە، تەنها بۆ ئازادیی من نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری دیموکراتیکی دۆزی کوردو تێکۆشانی ئاشتییەکی شکۆدارە، ئازادیی من، دانەبڕاوە لەئازادیی گەلی کورد، كاتێك دەڵێین ئازادی، مەبەستمان ئاشتی و دیموکراسی و هاوڵاتیبونی یەکسانە".
ئۆجەلان دەشڵێت،" سەرباری ناوبڕو پچڕانەکان، ئێمە لەساڵی 1993ـەوە، هەوڵ بۆ ئاشتی و چارەسەر دەدەین، سەرەڕای هەمو هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لەنیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبوژێتەوە".
ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لەپەیامەكەیدا ئەوەشی خستەڕوو،"بۆ ئەوەی کورد لەسوریاو لەهەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ سازشکردن لەسەر بون و ئازادیی، لەگەڵ هەمو ئایین و گەلاندا بە شێوەیەکی یەکسان، ئازاد و ئاشتییانە بژین، دەبێت پێشەنگایەتی بکەن".
