شارپرێس:
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەپلیكەیشنێكی چالاک کرد و دەڵێت، دەنگدەران بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت دەتوانن بزانن لەکوێ دەنگ دەدەن و کارتەکەیان چالاک کراوە یان نا.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەهەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەئێستادا ئەپلیکەیشنی کۆمسیۆن چالاک کراوەو دەنگدەران دەتوانن لەو رێگەیەوە بزانن لەکوێ دەنگ دەدەن، کارتەکەیان چالاکە یان نا؛ ئەنجامەکانی دەنگدانیش لەو ئەپلیکەیشنە بڵاودەکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە،" لەرێگەی QR کۆدو لەرێگەی کارتی دەنگدانیانەوە دەتوانن زانیارییەکان وەربگرن، بزانن ناویان لەچ بنکەیەکە و هەروەها ئەگەر ئەو کارتەی ئێستا لایانە چالاک نییە، لەکوێ دەتوانن دانەیەکی دیکە وەربگرن."
دەشڵێت، ئەو ئەپلیکەیشنە زانیاریی هەموو وێستگەیەکی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی تێدا دەبێت و ئەو بارکۆدەی لەسەر شریتی ئەنجامی دەنگدانەکانە، تێیدا دەردەکەوێت؛ دەکرێت ئەنجامی دەنگدان لەرێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە لەسەرجەم وێستگەکان کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بەتەواوی بزانرێن.