شارپرێس:
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاکە
پێوەری بەڕێوەچونی پرۆسەی ئاشتی بریتییە لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان،
دەشڵێت،" دەمانەوێت مافە سیاسی و یاساییەکانی ئۆجەلان دانی پێدا بنرێت و
بتوانێت سیاسەت بکات و بەشداریی تەڤگەرێکی سیاسیی نوێ ببین کە ئۆجەلان بنیاتی بنێت
".
هێلین ئۆمێد لەچاوپێکەوتنێکی میدیاییدا باسی لەوەکردوە،" ئافرێنەری
ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە، واتا ئەگەر لە 27ـی شوباتەوە
هیوایەک هاتبێتە بون، ئەگەر باسی پرۆسەیەک بکرێت، ئەوە لە سایەی هەنگاو، هەوڵ،
ڕەنج و فیداکاریی ڕێبەر ئاپۆیە، بەڵام هەموان دەڵێن کە دەسەڵاتی تورکیا لەم ڕوەوە
هەنگاوێکی جددی نەناوە “.
وتیشی،" هیچ
هێزێک نە دەیتوانی کۆتایی بە کار و خەباتی ڕێکخستنی پەکەکە بهێنێت، نە دەیتوانی
وابکات چەکەکان دابنرێن، نە دەیتوانی کۆتایی بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداریی
بهێنێت، نە هێزێک لە شوێنێکەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیكە ".
ئەو بەرپرسەی پەکەکە باسی لەوەشکرد،" لە ئێستادا ئەرکی کۆمیسیۆنی
پەرلەمان ئەوەیە گوێ لە ئۆجەلان بگرێت و ناچارە لەگەڵیدا گفتوگۆ بکات، ئیتر ساتی
بڕیاردانە، ئەگەر ئەم ئەرکەی جێبەجێ نەکات، واتا ناتوانێت دیدگایەکی پەیوەست بە
پێگەی کورد لە کۆماری تورکیادا بخاتەڕوو ".
