ئایا گۆشتی سور زیانی هەیە؟ توێژینەوەیەکی نوێ زانیاریی جیاواز ئاشکرادەکات

تەندروستی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، زانایان لە زانکۆی پێنسڵڤانیا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە خواردنی بڕێکی مامناوەند لە گۆشتی  کەم چەوریی مانگا، وەک بەشێک لە سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ، کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی دڵ نابێت.

دەرئەنجامەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە خواردنی بڕی 0,5 بۆ 2.5 ئۆنسە لە گۆشتی مانگای کەم چەوری لە ڕۆژێکدا ئاستی ماددەی TMAOی بەرز نەکردەوە  ئەو ماددەیەی کە پەیوەندی بە مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە  بە بەراورد لەگەڵ سیستەمی خۆراکیی ئەمریکیی باو، تەنانەت بڕە بەرزەکەش کە گەیشتە 5.5 ئۆنسە جیاوازییەکی ئاماریی بەرچاوی نەبوو.

کریستینا پیتەرسن، یەکێک لە توێژەرەکان، جەختی لەوە کردۆتەوە کە چوارچێوەی خۆراکی زۆر گرنگترە لە تەنها بڕی گۆشتەکە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە تێکەڵکردنی گۆشتی سووری پڕۆسێسنەکراو لەگەڵ سیستەمێکی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست (Mediterranean) لەوانەیە سەلامەت بێت بۆ دڵ.

لە لایەکی ترەوە، توێژینەوەکە ئەوەی دەرخست کە هەمەجۆریی مایکرۆبیۆمی ڕیخۆڵە لە بەشداربوواندا زیادی کردووە لەو ماوەیەدا کە سیستەمە خۆراکییە هاوسەنگەکانیان پەیڕەو کردووە.

هەرچەندە ئەم دەرئەنجامانە ئەرێنین، بەڵام توێژەران وریایی دەدەن کە پێشنیارەکان گۆشتی پڕ چەوری یان پڕۆسەکراو ناگرێتەوە و بە هۆی ئەوەی توێژینەوەکە تەنها لەسەر گەنجانی تەندروست ئەنجامدراوە، پێویستە لە گشتاندنی دەرئەنجامەکاندا ئاگاداریی هەبێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی