لەناویاندا نوری مالیکی.. چوارچێوەی هەماهەنگی سێ کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هێشتەوە

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2975 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامن لە کۆبوونەوە چڕوپڕەکانیان بۆ کۆتایی هێنان بەدیاریکردنی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئاشکراشی کردووە کە لەئێستادا تەنیا سێ کەسایەتیی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران ماونەتەوە.

بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوەیە، لیستی کاندیدەکان بەرتەسک بووەتەوە بۆ سێ کەسایەتی دیار لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا، ئەوانیش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی ماوەبەسەرچوو، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، باسی لەوەشکردووە کە هەڵبژاردنەکە لە ڕێگەی دەنگدانی ناوخۆییەوە یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردۆتەوە، ئەو دوو لیژنەیەی کە بەم دواییە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدا پێکهێنراون، یەکێکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گۆڕانکاری لە واقیعی کێبڕکێکەدا ناکات، بەو پێیەی سەرجەم کاندیدەکان سەر بە ماڵی سیاسیی شیعەن، تەنانەت ئەگەر کەسایەتییەکی چاوەڕواننەکراویش هەڵبژێردرێت، ئەوا لە چوارچێوەی بازنەی دامەزراوی چوارچێوەی هەماهەنگییدا دەبنێت.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، عەلا حەدادی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دژایەتییەکی ڕوونی لەناو هاوپەیمانییەکەدا بۆ درێژکردنەوەی  ویلایەتی سودانی ئاشکرا کرد، بەشێوەیەک ئەم دژایەتییە لەلایەن کوتلەکانی وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و هاوپەیمانی حقوق و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی سادقون سەرپەرشتی دەکرێن، کە لەگەڵ کاندیدکردنی کەسیایەتییەکی ترن.

بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییەکان، کێبڕکێی ڕاستەقینە لە ئێستادا لە نێوان سودانی و شەتریدایە، لە کۆی 15 کاندید کە پێشتر باسیان لێوەکرا, چانسی ئسودانی بەهێز دەمێنێتەوە ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا بمێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی پاڵپشتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکەیەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی