4ى مانگى داهاتوو چى ڕوو ده‌دات؟ زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى ئۆجه‌لانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی دەم پارتی ئاشكرایده‌كات، "ڕۆژى 4ى مانگى 12 واته‌ مانگى داهاتوو، هەمومان وەڵامی ئەو پرسیارانە وەردەگرینەوە کە لەبارەی ئۆجەلانەوە دەکرێن"، به‌و واتایه‌ى 4ى 12، ڕاپۆرتی ئه‌و لیژنەیه‌ى سه‌ردانى ئیمراڵى كرد،ڕاسپاردەو قسەکانیان ئاشکرادەکرێن.


ئایشە گوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاشكرایكرد، "بڕیاروایه‌ ڕۆژه‌ 4ى 12ى 2025، کۆبونەوە بکرێت لەبارەی دوایین سەردانی وه‌فدى کۆمسیۆنی ئاشتی بۆ ئیمراڵی‌و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان".

وتیشى، "له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، ڕاپۆرتی سەردانەکە ئاشکرادەکرێت‌و هەمومان وەڵامی ئەو پرسیارانە وەردەگرینەوە کە لەبارەی ئۆجەلانەوە دەکرێن، کە ئاخۆ چییان لەئۆجەلان پرسیوەو له‌به‌رامبه‌ردا ئۆجه‌لان وەڵامی چی بوەو دۆخەکە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت".

ئایشە گوڵ دۆغان ئه‌وه‌شى وت، "پێویستە هاوڵاتیان بەگشتیی دەستیان بگات بەناوەڕۆکی ئەو کۆبونەوەیەی کە ئەندامانی کۆمسیۆن لەگەڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان لەدورگەی ئیمراڵی ئەنجامیاندا، ناشبێت شەفافیەت لەم بابەتەدا بخرێتە ژێر مەترسییەوە".

ئایشەگوڵ دۆغان ئه‌وه‌شى وت، "کۆبونەوەکەی ئیمڕاڵی وەچەرخانێکی مێژویی بوو، دڵنیاشین لە 4ی کانونی دوەم (4ى 12) دەزانین کە وەڵامی پرسیارەکانی ئیمڕاڵی چی بوە". 

داواشیکرد، کۆمسیۆنه‌كه‌ى په‌رله‌مان بەخێرایی ڕاپۆرتەکانی خۆی تەواوبکات‌و ڕێسا یاساییە پەیوەندیدارەکان بەبێ دواکەوتن جێبەجێبکات، پێویستە کۆنوسی کۆبونەوەکەی ئیمڕاڵی بەئاشکرا بخرێتە بەردەستی ڕای گشتیی‌و خەڵک.

وتەبێژی دەم پارتی لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆبونەوەی ئەندامانی کۆمسیۆن لەگەڵ ئۆجەلاندا، گرنگ‌و مێژوییە، چونکە یەکەمجارە پەیوەندییەکی وەها لەگەڵ ئۆجەلاندا دروستدەبێت‌و ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزترکردن‌و خێراترکردنی پڕۆسەکە".

سه‌باره‌ت به‌هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەى ئاشتیى، ئایشە گوڵ دۆغان وتى، "ڕۆژی چوارى مانگى داهاتوو کۆبونەوەی لیژنەکە بەڕێوەدەچێت‌و ڕاپۆرتی سەردانەکەیان ئاشکرادەکرێت‌و هەمومان وەڵامی ئەو پرسیارانە وەردەگرینەوە کە لەبارەی ئۆجەلانەوە دەکرێن کە ئاخۆ چییان لێ پرسیوەو وەڵامی ئەو چی بوەو پەیامی نوێی بۆ دەرەوەی ئیمراڵى چییەو لەبارەی دۆخی نوێی پرۆسەکەوە هەڵوێستی چی دەبێت، هەموو ئەم پرسیارانە وەڵامدەدرێنەوە".

ڕۆژى دوشەممە، وه‌فدێكى کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی‌و دیموکراسی لەپەرلەمانی تورکیا، سەردانی دورگەی ئیمڕاڵیی کردو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبه‌رى پەکەکە کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجامدا، دواى كۆتاییهاتنى كۆبونه‌وه‌كه‌ش، کۆنوسی کۆبونەوەکە پێشکەش بەسەرۆک‌و لیژنەی پەرلەمانى توركیا كرا.