شارپرێس:
به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى كۆرمۆره‌وه پرسیارێك له‌ئه‌مریكا ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ده‌بێت چه‌ند هێرشى دیكه ڕوبدات ئینجا ڕێگە بەحکومەتی هەرێم بده‌یت سیستەمی دژە درۆن بکڕێت؟"، ده‌شڵێت، "ئەو تیرۆریستانەی ناویان لەلیستی موچەی حکومەتی عێراقە، هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه".
له‌په‌یامێكدا له‌ڕێگه‌ى ئێكسى خۆیه‌وه، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نوسیویەتی، "ئەو تیرۆریستانەی ناویان لەلیستی موچەی حکومەتی عێراقە، جارێکی دیکە هێرشیانکردەوەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرو بونە هۆی بڕانی کارەبا لەگەڕەکەکانی هەرێم".
ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه، "هەناردەی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کە نزیکەی 10%ی کۆی بەرهەمهێنانی وڵاتەکە پێکدەهێنێت بەتەواوی وەستاوە".
عه‌زیز ئه‌حمه‌د به‌ڕه‌خنه‌وه پرسیارێكى ئاراسته‌ى ئه‌مریكا كردوه‌و ده‌ڵێت، "دەبێت چەند هێرشی دیکە ڕو بدات تاوەکو حکومەتی ئەمریکا ڕێگە بەحکومەتی هەرێم بدات سیستەمی دژە درۆن بکڕێت بۆ پاراستنی ئاسمان‌و ژێرخانە گرنگەکانمان، حکومەتی عێراق هیچ باکی بەمە نییە".
هەردوو وەزارەتی کارەباو سامانە سروشتییەکان ڕایانگەیاند، شەوی ڕابردوو کاتژمێر 11:30، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بۆسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
