ئاسایشى سلێمانى: د.حوسێن ڕابی لاى ئێمه‌یه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى ئاشكرایده‌كات، د. حوسێن ڕابی مامۆستاى زانكۆى سلێمانى لاى ئه‌وانه‌، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ، بەتۆمەتی تاوانی ئەلیکترۆنی سكاڵاى له‌سه‌ر بوه‌و دەستگیرکراوە".


لەڕۆژی چوارشەممەوە د. حوسێن ڕابی فیزیاناس‌و مامۆستاى زانكۆى سلێمانى، بێسه‌روشوێنه‌و هاوڕێ نزیكه‌كانیشى وتویانه‌، ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ بەیانیی دوێنێ چوارشەممە، پەیوەندیی بەسەرۆکی بەشەکەیەوە لەزانکۆی سلێمانی کردوەو پێیڕاگه‌یاندوه‌، فریای هەموو بەشەوانەکانی ناکەوێت‌و دەچێت فۆڕمی (هەژماری من) پڕدەکاتەوە.

دیاری محەممەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ئاشكرایكردوه‌، "لەدوێنێ شەوەوە خەریکی بەدواداچونین، ئەمڕۆ لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداریانکردینەوە، کە لەئاسایشی سلێمانی بەبڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە".
 
ئه‌وه‌شى وت، "ئەمڕۆ خێزانەکەی دەتوانن سەردانی بکەن‌و بەکەفالەت ئازادی بکەن، ئێمه‌ش لەبەدواداچون بەردەوامدەبین".
 
د. حوسێن ڕابی، خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو ساڵانێکی زۆرە لەشاری سلێمانی نیشتەجێیەو مامۆستای بەشی فیزیایە له‌زانکۆی سلێمانی، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بۆچونی تایبەتی‌و سیاسیی خۆی بڵاودەکاتەوە، هەروەها هەندێکجار لەمیدیاکانەوە وەکو فیزیاناس‌و شرۆڤەکاری سیاسیش دەردەکەوێت.
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ خالید ماوەتی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاشكرایكردوه‌، "د. حوسێن، لەبەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی ئاسایش، سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركراوە، بەتۆمەتی تاوانی ئەلێكترۆنی لەسەر بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە".