شارپرێس:
لەڕۆژی جیهانیی ئایدزدا، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدروشمی "زاڵبون بەسەر توشبون، گۆڕانکارییە لەبەرەنگاربوونەوەی ئایدز" نوێترین زانیاری و ئاماری بڵاوکردەوەو ئاشكرایكرد، لەئەنجامی پشکنینەکاندا، 87 حاڵەتی نوێی توشبون دەستنیشان کراوە. 64 حاڵەتیان بیانی و هاوڵاتیی دەرەوەی هەرێمن. 23 حاڵەتی دیکەیان هاوڵاتی و دانیشتوی هەرێمی کوردستانن.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رڕایگەیاند، "ئەم ڕۆژە دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو کەمکردنەوەی توشبون بەم ڤایرۆسە، کەمکردنەوەکەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە دەبێت".
بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئایدز، لەکۆتایی ساڵی 2024 نزیکەی 40.8 ملیۆن کەس لەجیهاندا هەڵگری ڤایرۆسی HIV بوون. لەو ساڵەدا نزیکەی 1.3 ملیۆن تووشبووی نوێ تۆمار کراون و 630,000 کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بەئایدزەوە گیانیان لەدەست داوە، سەرەڕای ئەمەش، هەوڵەکان بۆ چارەسەر بەردەوامن و نزیکەی 31.6 ملیۆن توشبوو دەستیان بەدەرمانی دژەڤایرۆس ڕادەگات.
لەهەرێمی کوردستان، لەماوەی 11 مانگی ڕابردوی ساڵی 2025، وەزارەتی تەندروستی نزیکەی 609,306 پشکنینی تاقیگەیی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام داوە. پشکنینەکان بەشێکن لەپڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی ئایدز. پشکنینەکان بۆ کەسانی بیانی، پێش بەخشینی خوێن، پێش هاوسەرگیری، کرێکارانی شوێنە گەشتیارییەکان و چەندان گروپی دیکە دەکرێن.
لەئەنجامی پشکنینەکاندا، 87 حاڵەتی نوێی توشبون دەستنیشان کراوە. 64 حاڵەتیان بیانی و هاوڵاتیی دەرەوەی هەرێمن. 23 حاڵەتی دیکەیان هاوڵاتی و دانیشتوی هەرێمی کوردستانن.
هەموو توشبوانی دانیشتوی هەرێم، کە کۆی گشتییان لەهەموو ساڵەکاندا دەگاتە 150 حاڵەت، لەژێر چاودێریی تەندروستیدان. ئەوان بەردەوام چارەسەر و هۆشیاریی پێویستیان پێ دەدرێت.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتییان دەکات خۆویستانە پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز ئەنجام بدەن، بۆ دڵنیابون لەسەلامەتیی خۆیان. هەروەها داوای دورکەوتنەوە لەڕەفتارە مەترسیدارەكان.
-
