شارپرێس:
حاکم قادر حەمەجان
ڕایگەیاند، دۆخی ناوچەکە هەستیارە و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق خەریکی کاری
هاوبەش و لێکنزیکبونەوەن، تەنها هێزە کوردستانیەکان نەبێت كە خەریكی بەخشینەوەی تۆمەتی
ناپاکیکردن و شكاندنی پەنجەكانی یەكترن.
لە میانی بەشداریکردنی
لە سیمینارێکدا کە بۆ ژمارەیەک مافپەروەر و یاساناس و خوێندكارانی بەشی یاسا ڕێکخرابوو،
حاکم قادر حەمەجان، جەختی لە سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا و چەسپاندنی
دادپەروەری كۆمەڵایەتی كردەوەو ڕایگەیاند، "سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری كۆڵەكەیەكی
پتەو بنەڕەتی و بەھێزی سیستەمی سیاسی ھەر كۆمەڵگەیەكی شارستانییە، كە لەسەر بنەمای
دیموكراسی گوزەربكات ".
ئەوەشیخستەڕوو،
دەستوەردان لەو دامەزراوە پڕ بایەخ و گرنگەدا دوركەتنەوەیە لە بەھاكانی سەروەری یـاسا
و ئەوەش دەبێتە هۆی تێکچونی سەرجەم شیرازەکان.
حاکم قادر حەمەجان
وتیشی،" ھەڵە بە ھەڵە چارەسەر ناكرێت و كێشە و گرفتەكانیش پێویستی بە كارو
كاردانەوە نیە، بۆیە لە جیاتی تەخوینكردن و شكاندنی پەنجەكانی یەكتر، پێویستە سەرجەم
لایەنە سیاسیە كوردییەكان كێشەكانیان بە دانیشتن و گفتوگۆ و دیالۆك چارەسەربكەن و
بە پاکێجێکی ستراتیجی نیشتمانی هاوبەش بچنە بەغدا لەپێناو داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی
گەلی كوردستان و مافە دەستوریەكانمان ".
باسی لەوەشکرەد،"
ناكرێت شیعە و سونە ھەریەكەیان بەجیا خۆیان لە چوارچێوەیەکی ھاوبەشدا ڕێکخستوە، بەڵام
حزب و لایەنە كوردستانیەكان ھەر یەكەیان بەجیا بچێنە بەغدا و ناكۆكیەكانیان پێشانی
لایەنە عێراقیەكان و وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بدەن، كە ئەوەش ھەڵەیەكی كوشندەیە
و دورماندەخاتەوە لە بەدەستھێنانی مافە ڕەواكانی نەتەوەكەمان ".
لە كۆتاییشدا حاکم
قادر حەمەجان رایگەیاند،" پێویستە پەلەبكرێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و
دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم، چونكە دواكەوتنی كاریگەری نەرێنی دەبێت و
زیان بە دۆزی ڕەوای نەتەوەكەمان دەگەیەنێت ".
