زانیاریى نوێ له‌باره‌ى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتیی بەشەخۆراکی کوردستان چاوەڕێی بڕیاری بەغدایە بۆ دابەشکردنی هەشتەمین بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "خۆراک لەکۆگاکان ئامادەیە".


تائێستا تەنها حەوت سەبەتەی خۆراکى لەهەرێم‌و عێراق دابەشکراوە، عێراق‌و هەرێم چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی بەغدان بۆ دەستپێکردنی هەشتەمین بەشەخۆراکی مانگانە، بڕیارە بەمنزیکانە لەبەغداوه‌ بڕیاربدرێت‌و خۆراک دابەشبکرێت.

دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر ئاشكرایكردوه‌، بەشەخۆراکیان لەکۆگاکان بۆ سێ مانگی داهاتوو ئامادەیە، بەشەخۆراکی مانگی ئابیش ئامادەیە، بەڵام چونکە بڕیارەکە لەعێراق دەردەچێت، چاوەڕێی بڕیاری ئەوانن، تاوەکو دەست بەدابەشکردنی بەشەخۆراک سەبەتەی هەشتەم بکەن.

وتوشیه‌تى، "ساڵانە 10 بەشەخۆراک دابەشدەکرێت، بەڵام تائێستا هیچمان بۆ نەهاتوە لەبارەی دوو بەشەخۆراکەکەی دیکە، ساڵی ڕابردوو بەشەخۆراکی مانگی 10 لەساڵی نوێدا دابەشکرا، ئەگەری هەیە ئەمساڵیش لەساڵی نوێ بەشەخۆراکی مانگاکەکانی دیکە دابەشبکرێت".

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی حكومه‌تى هەرێم، تاوەکو ئەمڕۆ 93.91%ی هاوڵاتیان لەهەرێم لەفۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکدا خۆیان تۆمارکردوە.

بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
هەولێر 94.14%
سلێمانی 93.68%
دهۆک 93.67% 
هەڵەبجە 96.80%.


ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، پێش گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، پێنج ملیۆن‌و 386 هەزارو 51 هاوڵاتى لەهەرێم بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی حكومه‌تى هه‌رێم، 294 هەزارو 432 هاوڵاتى بەهۆی تۆمارنەکردنیان لەسیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.