شارپرێس:
مەسعود بارزانی لەپەیامێکدا بۆ کۆنفڕانسی دەم پارتی ڕایگەیاند، هیوادارم ئەنجام و راسپاردەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی، چارەسەری کێشە و پێویستییەکانی سەردەمی قۆناغی نوێ بکات.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، هەموو ئاماژەکان دەرخەری دەستپێکێکی نوێن کە دەکرێ پڕبێ لە ئاستەنگی، یان پڕبێ لە دەرچەی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و ئاشتییانە و بە شکۆ بۆ گەلانی ناوچەکە. پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمی پێشوو وەربگرن، بە نەفەسێکی نوێ، تێڕوانینێکی روون و پڕ باوەڕیی و هیواوە رەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن.
بارزانی دەشڵێت، هەموو کاتێک گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی. لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی سوودمەند دەبێت.
هەروەها بارزانی دەڵێت لە دڵمەوە دەستخۆشی لە حکومەتی تورکیا و ئەردۆغان و ئۆجەلان، و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە دەرگایان بۆ پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی رەخساندووە، منیش لای خۆمەوە پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات.
