بارزانی پەیامێکی توند دەنێرێت و هەڕەشەی کشانەوە دەکات

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 15970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕێبوار کەریم بە کۆی زیاتر لە 30 دەنگ لەپێش شاخەوان عەبدوڵاوە بوو، مەسعود بارزانی پەیامێکی توند بۆ لایەنە عێراقییەکان دەنێرێت و هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکات.


شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای ناو پارتییەوە زانیویەتی، مەسعود بارزانی لەرێی بەرپرسێکی باڵای حزبەکەی لەبەغداوە پەیامێکی توندی بە لایەنە شیعی و سوننەکان گەیاندوەو وتویەتی، ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان لەبەرژەوەندی شاخەوان عەبدوڵا کاندیدی حزبەکە یەکلانەکرێتەوە، لەپرۆسەی سیاسی لەعێراق دەکشێنەوەو بەشداری لە حکومەتی داهاتوو ناکەن.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، تا ئێستا هەوڵەکانی پارتی بەردەوامن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە لەبەرژەوەندی خۆی و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە لەناو باڵەخانەی پەرلەمان دەرچوەو گەیشتوەتە ئەو رادەیەی لەهەولێرەوە بەرپرسانی باڵا پەیوەندییان بە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کردوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، هەوڵەکانی پارتی بۆ ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان ئەندامەکانی خۆیان سەرپشک بکەن بۆ دەنگدان لە پرۆسەکە و رێگر نەبن لەبەردەم دەنگدان بە شاخەوان عەبدوڵا.

محەمەد سەردار