پێشێلكارییەكانی جۆلانی ناڕەزایی دانیشتوانی گوندەكانی حەسەكەی لێكەوتەوە

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی لە گوندەواری باشووری حەسەکە نارەزایەتیی توندی جەماوەریی سەریهەڵداوە، ئەمەش دوای زیادبوونی ڕفاندن و پێشێلکارییە ڕێکخراوەکان لە سایەی ناسەقامگیرییەکی ئەمنیی بەردەوام لەلایەن چەکدارانی سەر بەو حکومەتەوە.

 
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن؛ هێزە عەشایەرییەکانی ناوچەکە لە بەیاننامەیەکی تونددا دۆخەکەیان بە پشێوی وەسف کردووە و پشتگوێخستنی گیانی هاوڵاتیانیان سەرکۆنە کردووە، هاوکات ئاشکرایان کردووە کە هەندێک لەو چەکدارانەی تێوەگلاون لە ڕفاندنی گەنجان، پێشتر ئەندامی ڕێکخراوی داعش بوون لە ناوچەی شەدادی.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە حەسەکە بە دۆخێکی ئەمنیی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆنترۆڵی ناوچەکە لەدەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" دەرهێنرا و کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەشایەری سەر بە حکومەتی کاتی.

ئەم گۆڕانکارییە ئەمنییە، حکومەتی کاتی ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت کردۆتەوە بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی، چونکە شکستهێنان لە کۆنترۆڵکردنی ئەم پشێوییە دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی و تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەیەکدا کە بەدەست ململانێ و جەنگەوە شەکەت بووە.