فەڕەنسا لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەسەدەو دیمەشق هاتەدەنگ

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 593 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی فەرەنسا، وێڕای پیرۆزباییکردن لەهەسەدە و دیمەشق بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێکی گشتگیر، پشتیوانی تەواوی پاریسی بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو رێککەوتنە دوپات کردەوەو دەڵێت،" ڕێككەوتنەكە زامنی سوریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەكات".


ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەپەیامێکدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریا (هەسەدە) ڕاگەیاند.

سەرۆکی فەرەنسا وێڕای پیرۆزباییکردن لەهەر دولا، ئاشکرایکرد کە رێککەوتنەکە گشتگیرەو ڕێگە بەئاگربەستی هەمیشەیی و تێکەڵبوونەوەی ئاشتییانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەدات لەچوارچێوەی سیستەمی نوێی ئەو وڵاتە، هەروەها بەڵێنی دا کە فەرەنسا پشتیوانی لە جێبەجێکردنی تەواوەتی ئەم هەنگاوە دەکات.

ماکرۆن لەپەیامەکەیدا جەختیکردەوە، پاریس خوازیاری سوریایەکی خاوەن سەروەری، یەکگرتوو سەقامگیرە کە ڕێز لەهەموو پێکهاتەکانی بگرێت و بەتەواوی پابەندبێت بەبەرەنگاربونەوەی تیرۆر.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، لەسەر رێگای سەقامگیری، دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوە، بەردەوام دەبێت لەپشتیوانیکردنی سوریاو گەلەکەی.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکومەتی سوریا بڵاوکردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندرا.