ئیلهام ئەحمەد زانیاری گرنگ لەبارەی ڕێككەوتنیان لەگەڵ دیمەشق ئاشكرادەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، رێککەوتنی نێوان هەسەدەو دیمەشق بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەقامگیری وەسف دەکات و دەڵێت،" بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە خەڵكی عەفرین و سەرێكانی دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان". جەختی كردەوە كە رێککەوتنەکە بەمەبەستی ڕاوەستاندنی خوێنڕشتن واژۆ کراوەو یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانیشی بریتییە لە چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی".

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر،  لەدوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنی نێوان هەسەدەو حكومەتی دیمەشق، لەچاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند،" هاتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوەندی شارەکان، پرۆسەیەکی بەرپرسیارانە و قۆناغ بەقۆناغەو ئامانجی پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و زامنکردنی هاوبەشیی راستەقینەیە.
 
دەشڵێت،" ئەم رێککەوتنە رێخۆش دەکات بۆ گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە و گەڕانەوەی بەکەرامەتی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان".

سەبارەت بە مانەوەی هێزەكان وتی،"هێزەکانی ئاسایشی ئێمە لەشوێنەکانی خۆیان دەمێننەوەو هیچ هێزێک جێگەی هێزە ناوخۆییەکانمان ناگرێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەیەک لەهێزەکانی ئاسایشی سوریا دەچنە ناو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسە ئەمنییەکان لەخەڵکی ناوچەکە دەبن."

ئەوەشی ئاشكراكرد، كە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت ئەو گروپە چەکدارانەی لەم دواییانەدا پێشڕەوییان کردوە، بەگەرەنتیی وڵاتانی نێوەندگیری پرۆسەکە، بۆ شوێنەکانی خۆیان بکشێنەوەو هێڵەکانی بەرکەوتنی نێوان سوپای سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دیاری کراون.

هەر بەگوێرەی پلانەکە، سێ لیوا لەحەسەکە و کۆبانێ دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بەناوچەکە و لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگریی سوریادا دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای سووریا دەچنە ناو حەسەکە.

ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشكرد، پرسی خوێندن و تەواوی ئەو بڕوانامانەی بەزمانی کوردی وەرگیراون، دانپێدانراو دەبن،" جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە "زمانی دایک" بێت.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئیلهام ئەحمەد جەختیشیكردەوە، كە تورکیا بەتەواوی لەعەفرین دەکشێتەوەو بەرنامەش هەیە لەسەرێکانێش بەهەمانشێوە بکشێتەوەو دواتر تەواوی فەرمانگە مەدەنیەکان ڕادەستی ئێمە دەکرێتەوە".
 
بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی، 30ی کانونی دوەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هەردولا لەسەر راگرتنی شەڕو کشانەوەی هێزەکان ل هێڵەکانی بەریەککەوتن رێککەوتون. بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لەهێزەکانی هەسەدە بێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بەکۆبانی لەچوارچێوەی سوپای سوریا لەپارێزگای حەلەب.