ئایا تەلەفۆنەکەی شەرع کاریگەریی هەبوە لەسەر ڤیتۆی ترەمپ لەکاندیدبونەوەی مالیکی؟

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1217 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی بەدواداچوونێکی پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"،  دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی کاتیی سووریا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا ڕوویاندا.

 
پێگەکە لەراپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردووە، شەڕع کە پێشتر لە سەردەمی دەسەڵاتی نووری مالیکیدا چەند ساڵێک لە بەغدا زیندانی بووە، لەم پەیوەندییەدا داوای لە ترەمپ کردووە دژی کاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت بوەستێتەوە، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵیدا سەختە.

ئەوەش هاتووە: تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەم پەیوەندییە، ترەمپ لە تویتێکدا دژایەتی خۆی بۆ گەڕانەوەی مالیکی دەربڕی.  دەشڵێت، ئەم بابەتە تەنیا وەک لایەنێکی کەسی و تۆڵەسەندنەوە نابینرێت، بەڵکو تێکەڵی لۆبییە سیاسییەکانی واشنتۆن بووە.

شارەزایان پێیان وایە ڕەنگە لایەنە نەیارەکانی مالیکی پارەی زۆریان بە کۆمپانیاکانی لۆبی ئەمریکی دابێت بۆ کاریگەری خستنە سەر بڕیارەکەی ترەمپ، لە کاتێکدا هەندێک ئەمە بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی پەیوەندییەکەی شەڕع دەبینن، هەندێکی تر پێیان وایە ئیدارەی ترەمپ بەهۆی بەرژەوەندییەکانییەوە بە ئاسانی لەژێر کاریگەری لۆبییەکاندا بڕیار دەدات.

هەروەک دەڵێت:  تەلەفۆنەکەی شەڕع کە لایەنێکی مێژوویی و شەخسیی لەپشت بوو، بووە هۆی جوڵاندنی لۆبییەکان و گۆڕینی هەڵوێستی ئەمریکا، ئەمەش وایکرد کێبڕکێی ناوخۆیی عێراق لە ململانێیەکی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی داهاتووی دەسەڵات لە بەغدا دەبێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی