حەشدی شەعبی لەبارەی بەشداریکردن لەشەڕی ئەمریکاو ئێران بڕیاریدا

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەگەڕ شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێبکاتەوە بەشداری ناکەن، هاوکات هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر ئەو شەڕە دروستبێت دۆخێکی کارەساتبار بەسەر عێراقدا دێت.

یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی "RT"ی روسی ئاماژەی بەوەکرد،" حەشدی شەعبی لەپاڵ خاوەن ماف دەوەستێت، ئەمریکاش لایەنی دەستدرێژیکارە بۆح سەر ئێران".

وتیشی،" ئەگەر رژێمی ئێران بڕوخێت، هاوسەنگی هێز لەناوچەکە تێکدەچێت و هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەڕوی پلانەکانی ئیسرائیلدا بوەستێتەوە ".

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەو شەڕە دروستبێت دۆخێکی کارەساتبار بەسەر عێراق و ناوچەکەدا دێت، بەتایبەت لەڕوی ئەمنی و ئابورییەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رابردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لەشاری مەسقەتی پایتەختی عومان دانوستانیان دەستپێکرد و بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوشدا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانیان دەستپێبکەنەوە.