شارپرێس:
وەزارەتی كارەبا لەڕاگەیەندراوێكدا هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە كە نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بەڕێگای یاسایی پەسەندکراوەو لەوەقائعی کوردستان بڵاو کراوەتەوەو دەڵێت،"لەم مانگەدا كارەبای زیاتر بەكارهاتوە، بۆیە نرخەكەی زیاتر بۆ هاوبەشان هاتۆتەوە".
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی گرانی نرخی كارەباوە هاتەدەنگ و دەڵێت، نرخەکان دیاریکراوە بۆ یەک مانگ حساب دەکرێت و هیچ زیادكردنێك لەنرخدا ڕوینەداوە".
هاوکات ڕونیشی دەكاتەوە، پێدانی كرێی کارەبا بەڕێگای ئۆنلاین هەنگاوێکی شارستانی و پێشکەوتوو و شەفافەو ئاسانکاریشە بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا کرێی کارەباکەیان بدەن".
سەبارەت بەکرێی کارەباش وەزارەتەكە دەڵێت، لەمانگی یەک بەهۆی شەپۆلی سەرماو دابەزینی پلەکانی گەرما زۆرێک لەهاوبەشان بڕی کارەبای زیادیان بەکارهێناوە، بۆیە لەمانگی یەک کرێی کارەبا زیاتر بۆیان هاتۆتەوە".
ئاماژە بۆ ئەوەشدەدات، ئەگەر هەر گرفتێکیش بۆ هەر هاوبەشێک دروست بوبێت، ئەوا لەفەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا، تیمی تایبەت چارەسەری گرفتەکە دەکەن.
لەبارەی بەكارهێنانی كارەباشەوە، وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم داوا لەهاوڵاتیان دەكات بەپێی پێویست كارەبا بەكاربهێنن و دەڵێت،" ئومێدەوارین هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنن تاوەکو نەبێتە بارگرانی لەسەریان".