شارپرێس:
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی مەترسیدار بڵاو دەکاتەوەو دەڵێت،" نزیکەی 230 هەزار قوتابی لەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەمافی خوێندن بێبەش بون، ئەمەش بەهۆی گۆڕینی قوتابخانەکان بۆ ناوەندی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی پەروەردەیی لەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوەو تێیدا هۆشداریدا لەڕودانی کارەساتێکی پەروەردەیی و مرۆیی".
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری، بەهۆی نەبونی چارەسەر بۆ دۆخی ئاوارەکان و گۆڕینی ناوەندە زانستییەکان بۆ پەناگە، زیاتر لە 230 هەزار قوتابی نەیتوانیوە پەیوەندی بەپۆلەکانی خوێندنەوە بکەن، کە بەسەر ئەم ناوچانەدا دابەش بون:
کۆبانێ: نزیکەی 72 هەزار قوتابی لەقۆناغە جیاوازەکاندا بەتەواوی لەپرۆسەی خوێندن دابڕاون.
حەسەکە و قامیشلۆ و گوندەکانیان: زۆرترین رێژەی تێدا تۆمار کراوە، کە نزیکەی 160 هەزار قوتابی لەگەڵ دەستپێکی وەرزی دوەمدا بێبەش بون لەچونیان بۆ قوتابخانە.
ڕوانگەکە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە سەدان قوتابخانە لەو ناوچانەدا کراونەتە ناوەندی نیشتەجێبون و پەناگە بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە ئاوارە بون.
هاوكات دەشڵێت،" شەڕو پێکدادانەکان کە لەنێوان سوپای عەرەبیی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕویدا، بوە هۆی شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەیی.
ڕوانگەكە جەختیش دەكاتەوە، كە ئەم دۆخە نەک تەنیا پرۆسەی خوێندنی ڕاگرتوە، بەڵکو رێگر بوە لەوەی قوتابییان "تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ" ئەنجام بدەن، کە ئەمەش مەترسیی هەژمارنەکردنی ساڵێکی خوێندن و دابڕانی یەکجارەکیی لێ دەکرێت.
هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم ئامارانەی خستوەتە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوی "یونیسێف" و هۆشداری دەدات لەوەی مانەوەی نزیکەی 230 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ لەشەقام و کەمپەکان بەبێ خوێندن، دەبێتە هۆی کارەساتێکی کۆمەڵایەتیی درێژخایەن، زیادبوونی دیاردەی کارکردنی منداڵان و بڵاوبونەوەی نەزانین.
ڕوانگەکە داوا لەسەرجەم لایەنە سەربازییەکان دەکات بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان لەئەستۆ بگرن و بەپەلە کار بکەن بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبونی شایستە بۆ ئاوارەکان دور لەناوەندەکانی خوێندن، بەمەبەستی چۆڵکردنی قوتابخانەکان و ڕزگارکردنی ئاییندەی نەوەیەک پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت.
