ئه‌و گه‌نجه‌ى بوە ئەندازیاری کۆبونەوە نهێنییەکانی مەزڵوم عەبدی كێیه‌؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا زەبەلاحەکانی سیاسەتی جیهان لەمیونشن خەریکی کێشانی نەخشەی نوێی ناوچەکە بون، چاوی کامێراکان کەوتەسەر گەنجێکی بێدەنگی کۆبانێ؛ ئەو نە ژەنڕاڵێکی خاوه‌ن میدالیاى زۆربوو و نە سیاسییەکی ناسراوو زۆر بینراو، به‌ڵكو گه‌نجێكى لێهاتوى كورده‌ کە بەپێنج زمان‌و خەڵاتێکی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ بوەتە زمانحاڵی متمانەپێکراوی ڕۆژئاوای کوردستان لەلوتکەی بڕیارە جیهانییەکاندا.


بارزان عیسۆ؛ ئەو ناوەی کە لەسێبەری سەرکردەکانەوە هاتە ناو ڕۆشنایی میدیا جیهانییەکان، ئەو گەنجەی خەڵاتی ئیمی ئەمریکی گۆڕیەوە بەجانتایەکی دیپلۆماسی، ئێستا وەک یەکێک لەمتمانه‌پێكراوترین ڕاوێژکارەکانی مەزڵوم عەبدی، لەناو جەرگەی ئەوروپاوە خەریکی چەسپاندنی پێگەی کوردە لەهاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەنێو هۆڵە پڕ لەململانێکانی "کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن"، کە ناوەندی بڕیاری جیهانییە، گەنجێک لەتەنیشت مەزڵوم عەبدی‌و ئیلهام ئەحمەدەوە ده‌ركه‌وت، ئەو نە ژەنڕاڵێکی سەربازییه‌و نە سیاسییەکی پڕکێشە، بەڵکو بارزان عیسۆ بوو؛ ئەو دەنگە هێمنەی کە پەیامی ڕۆژئاوای کوردستانی بەپێنج زمانی زیندوو گەیاندە گوێی جیهان.

بارزان، کوڕی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری کۆبانێیە، ئەو لەکاتێکدا نوێنەرایەتی گەلەکەی دەکات کە هێشتا خێزانەکەی لەنێو جەرگەی کۆبانێدا نیشتەجێن، ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە بەخاکەوە، وایکردوە کە دیپلۆماسییەکەی تەنها پیشە نەبێت، بەڵکو داکۆکیکردن بێت لەناسنامەیەک.

ئەوەی بارزان لەدیپلۆماتکارێکی ئاسایی جیادەکاتەوە، توانای گفتوگۆکردن بەپێنج زمانی جیهانی، ڕێگەی بۆ خۆشکردوە بێ ناوەندو وەرگێڕ، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕیارە سیاسییەکان دابنێت، وەک شارەزایەکی زانستە سیاسییەکان، ئەو تەنها قسە ناکات، بەڵکو نەخشەی سیاسیی دەکێشێت، وەک دەوترێت، "زۆر دەبیستێت‌و کەم دەدوێت"، ئەم ئارامییەشى وایکردوە ببێتە جێگەی متمانەی هەرە باڵای فەرماندەیی گشتیی هەسەدە.

پێشئەوەی لەپشت مێزی کۆبونەوەکان دانیشێت، بارزان بەکامێراکەی، جەنگی دژی تاریکی (داعش)ی بۆ جیهان گێڕایەوەو ساڵى 2021 بوه‌ خاوه‌نى خەڵاتی جیهانیی Emmy بۆ بەڵگەفیلمەکانی (کەوتنی خەلافەت)و (ڕفاندن لەلایەن داعش)، ئه‌مه‌ش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو دەزانێت چۆن سەرنجی جیهان بۆ لای دۆزە ڕەواکەی کورد ڕابکێشێت.

دەرکەوتنی بارزان عیسۆ لەمیونشن، پەیامێکی ڕونبوو، ڕۆژئاوای کوردستان تەنها هێزی سەربازیی نییە، بەڵکو خاوەنی نەوەیەکی نوێیە لەدیپلۆماتکاری کارامە کە دەتوانن لەبەرزترین ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەزمانی زانست‌و ژیریی، داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەیان بکەن.

بەپەلە