شارپرێس:
لەکۆبانێ، 29 ڕۆژە نان بەتامی باروتو ئاویش بەتامی چاوەڕوانی
دەخورێت؛ شارێک کە دوێنێ جیهانی لەتیرۆر پاراست، ئەمڕۆ لەنێوان چەناگەی گەمارۆیەکی
بێدەنگو بێباکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، تەنها ئیرادەی دایکانو گەنجەکانی وەک قەڵغانێکی
زیندوو بۆ ماوەتەوە.
کۆبانێ 29 ڕۆژه برسییه.. بهڵام بهرخۆدان توندبوه
لەو کاتەی جیهان باس لە ڕێککەوتنە سیاسییەکانو مێزی
دانوستان دەکات، 29 ڕۆژە شارێک لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) لەژێر گەمارۆیەکی
"بێدەنگ"دا هەناسە دەدات، کۆبانێ، ئەو ناوەی شکۆی داعشی بۆ ههمیشه تێکشکاند،
ئێستا ڕوبەڕوی شەڕێکی نوێ بوەتەوە؛ شەڕی نان، دەرمان، سوتەمەنیو نهبونى كارهبا،
بهڵام هاوشان لهگهڵ ئهو فشارهى لهسهریهتى، بهرخۆدانى خورتو بهساڵاچوانى
توندتربوه.
کاتژمێری ژیان لەکۆبانێ وەستاوە؟
سەرەڕای ئەوەی لە 29ی کانونی دوەمى ئهمساڵهوه باس لەڕێککەوتنی
نێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکرێت، بەڵام واقیعە تاڵەکە
ئەوەیە کە "کۆڵانەکان درۆ ناکەن"، گەمارۆکە نەک هەر نەشکاوە، بەڵکو
توندتر بوە، ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن، ڕێگریی لەهاتنی سەرەتاییترین پێداویستییە
مرۆییەکان دەکرێت، ئەمەش کۆبانێی خستوەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی گەورە.
ژنو گەنجان.. قەڵغانە زیندوەکە
ئەوەی ئەم گەمارۆیەی جیاوازکردوە، تەنها ئازار نییە، بەڵکو
ئەو پێداگیرییه ناسراوەی کۆبانێیە، لەناو جەرگەی گەمارۆکەدا، دایکانو ژنانی شارەکە
بونەتە پێشەنگی پاراستنی ناوخۆیی، ئەوان تەنها پاسەوانی سنورەکان ناکەن، بەڵکو پاسەوانی
ئیرادەی ژیانیش دەکەن، لەهەر ماڵێکدا ژنێک هەیە کە نان لەناو تەنوری خۆڕاگڕیدا دەبرژێنێتو
گەنجێکیش کە ئامادەنییە شارەکەی بۆ سیاسەتی برسیکردنو تەسلیمکردن چۆڵبکات.
ڕێککەوتنێک لەسەر کاغەز
پرسیارى دیارو بهردهوامى ههركهسێك ئهوهیه، بۆچی ڕێککەوتنەکان
نایەنە سەر زەوی؟ لەکاتێکدا دیمەشقو ڕۆژئاواى كوردستان باس لەلێکتێگەیشتن دەکەن،
دەروازەکان هێشتا داخراونو ڕێگریی لەدەرمان دەکرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کۆبانێ
جارێکی دیكه کراوەتە قوربانیی یارییە سیاسییە نێودەوڵەتیو هەرێمییەکان.
کۆبانێ تەنها شارێک نییە، بهڵكو سیمبولی تێکنەشکانە، ئەمڕۆ
کە 29 ڕۆژ بەسەر ئەم گەمارۆیەدا تێدەپەڕێت، شارەکە پەیامێکی ڕون بۆ جیهان دەنێرێتو
دهڵێت، "ئەوشارەی بەتانکو فڕۆکە نەڕوخا، بەگەمارۆو برسیکردن چۆکدانادات".
کۆبانێ ئەمڕۆ تەنها شەڕی نانو دەرمان ناکات، بەڵکو شەڕی
کەرامەتی شارێک دەکات کە فێری تەسلیمبون نەبوە، 29 ڕۆژ گەمارۆ نیشانیدا کە ئەگەرچی
ڕێگهکانی هاتنی خۆراک داخرابن، بەڵام دەروازەکانی ئیرادە لەمشارەدا هەمیشە واڵان،
پرسیارەکە ئەوەیە، کەی ویژدانی جیهان لەئاست ئەم گەمارۆ بێدەنگەدا، دەنگ هەڵدەبڕێت؟".
چاودێران دهڵێن، ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسیی نەتوانێت تهنها
قوتویهك شیری منداڵ یان دەرمانی بریندارێک بگەیەنێتە ناوشارهكه، کەواتە ئەو ڕێککەوتنەى
باسدهكرێت، تەنها مهرەکەبێکی وشکبوەوەی سەر کاغەزە، کۆبانێ جارێکی دیكه سەلماندیەوە
کە تاکە گەرەنتی بۆ مانەوە، نە مێزی دانوستانەو نە بەڵێنی حکومەتەکان، بەڵکو تەنهاو
تەنها پێداگرییو خۆڕاگریی ئەو ژنو گەنجانەیە کە شارەکەیان بەجێناهێڵن.
مێژوو هەمیشە باس لەوشارانە دەکات کە لەژێر گەمارۆدا شکۆیان
نەشکاوە، کۆبانێ کە دوێنێ جیهانی لەدەست تاریکی پاراست، ئەمڕۆ لەتاریکیی گەمارۆدا
بەتەنها جێهێڵدراوە؛ بەڵام وەک هەمیشە، مۆمی ئەمشارە بەدەستی دایکانو گەنجەکانی،
بەگەشاوەیی دەمێنێتەوە.
