شارپرێس:
لەکاتێکدا تورکیا
خۆی بۆ وەرزێکی گەشتیاریی گەرم ئامادە دەکات، بەڵێننامەیەکی توندی حکومەتی ئەڵمانیا
وەک "بۆمبێکی دیپلۆماسی" بەناو میدیاکاندا تەقییەوە، "ڕەنگە دەستگیربکرێیت!"؛
ئەمە تەنها هۆشدارییەک نییە، بەڵکو کورتیی ئەو پەیامە ترسناکەیە کە بەرلین ئاراستەی
گەشتیارانی کردوە، چی ڕودەدات ئەگەر تەنها بەلایکێک لەفەیسبوک، خۆت لەپشت شیشهكانى
زیندان ببینیتەوە؟
ئەڵمانیا پەنجە
دەخاتەسەر برینێکی قووڵ، ئهویش "یاسای بەرەنگاربونەوەی چەواشەکاریی میدیایی"،
ڕاپۆرتەکە ئاشکرایدەکات، تورکیا چیتر تەنها چاودێریی ناوخۆ ناکات، بەڵکو ژیانی ناو
ئینتەرنێتى کردوە بەمەیدانی ڕاوکردنی نەیارەکانی، تەنها شەیرکردنی بابەتێکی سیاسیی
یان لایککردنی پۆستێک کە بەدڵی ئەنكەرە نەبێت، بەسە بۆ ئەوەی گەشتەکەت لەکەناراوەکانەوە
بگۆڕدرێت بۆ ژوری لێکۆڵینەوە.
ئەگەرچی گەشتیاران
خەون بە"ماردین"و "ئورفا"وە دەبینن، بەڵام نەخشەی نوێی دەرەوەی
ئەڵمانیا ئەو ناوچانەی بە"ناوچەی سور" دیاریکردوە، ڕاپۆرتەکە باس لەمەترسیی
ڕفاندن، تەقینەوەو پێکدادانە چەکدارییەکان دەکات لەنزیک سنورەکانی سوریاو عێراق، بەرلین
بەڕاشکاوی دەڵێت، "نەکەن بچنە ئەو شوێنانە، ژیانتان لەمەترسیدایە!".
وروژاندنێکی دیكه
لەڕاپۆرتەکەى ئهڵمانیادا باسی "شەڕی ئابوریی" دەکات لەناو بازاڕەکاندا،
بڵاوبوونەوەی یۆرۆو دۆلاری ساختە لەبازاڕە میللییەکانی تورکیادا، وەک تەڵەیەک بۆ گەشتیاران
وەسفکراوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە گەشتیار لەوێ نەک تەنها لەڕوی سیاسییەوە، بەڵکو
لەڕوی دارایی پاشەکەوتکراویشیەوە پارێزراونییە.
ئەم هۆشدارییانە
تەنها ڕێنمایی گەشتیاری نین، بەڵکو گوزارشت لەدرزێکی گەورە دەکەن لەپەیوەندییەکانی
نێوان ڕۆژئاواو تورکیادا، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا گەشتیاران ئامادەن ژیانی
خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ بینینی کەناراوەکانی مەڕمەڕە؟ یان تورکیا ناچار دەبێت لەیاسا
توندەکانی پاشەکشە بکات بۆ ڕزگارکردنی کەرتی گەشتیارییەکەی؟
