شارپرێس:
وەزارەتی دادى عێراق بڵاوکردنەوەی لیستێکی تایبەت بەڕەگەزنامەی ئەو چەکدارانەی داعشی ڕەتکردەوە کە لەسوریا بۆ عێراق گواستراونەتەوەو ڕایگەیاند، ئەو لیستە دروست نییەو لێکوڵینەوە لەناسنامەکانیان بەردەوامە.
وەزارەتی دادی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "هەندێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو سەکۆ میدیاییەکان، لیستێکیان بڵاوکردوەتەوە کە ژمارەو ڕەگەزنامەی ئەو زیندانیانە لەخۆدەگرێت کە لەهێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی چەتەکانی داعش وەرگیراونەتەوە".
سەبارەت بەو بابەتە بڵاوکراوەیەش، وەزارەتی داد جهختیكردوهتهوه، لیستە بڵاوکراوەکە دروست نییەو گوزارشت لەهیچ بەیاننامەیەکی فەرمیی دەرچوو لەوەزارەتەوە ناکات، هەروەها لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پەسەند نەکراوە.
وەزارەتەکە وتویهتى، "ڕێکارە یاساییەکانی تایبەت بەپرۆسەی وەرگرتنەوەکە، بەگوێرەی چوارچێوە فەرمییە پەسەندکراوەکانو بەسەرپەرشتیی لایەنە دادوەرییو ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوە، هەروەها لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان هێشتا بەردەوامن بۆ جێگیرکردنی زانیارییو ڕەگەزنامەی ئەو زیندانیانەی وەرگیراونەتەوە، ئەوەش بهگوێرهى یاسا".
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی داد داوا لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، "وردبینو بەرپرسیاربن لەگواستنەوەی زانیارییەکانداو تەنها پشت بەو زانیارییە فەرمییانە ببەستن کە لەوەزارەتەوە دەردەچن، هەروەها شوێن هەواڵی پشتڕاستنەکراوە نەکەون کە ڕەنگە ببێتە هۆی شێواندنی ڕای گشتیی، یان کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ڕێکارە یاساییەکان دروستبکات".
