شارپرێس:
سەرەڕای هەبونی دەنگۆ دەربارەی پێشکەوتنی دانوستانەکان لەژنێف، لێدوانە نوێیەکانی کۆشکی سپی کە دەڵێت، "پاساوی پێویست بۆ لێدانی ئێران هەیە"، گومانێکی زۆری دروستکردوە، هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکاو ناردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگرو سەدان فڕۆکەی جەنگی، ئاماژەن بۆ ئەگەری پێکدادان.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس، شهش هۆکاری سەرەکیی دیاریدەکات کە نیشانەی نزیکبونەوەی جەنگن:
1ـ ململانێی ئەتۆمیی درێژخایەن:
ئەمریکا پابەندە بەڕێگریکردن لەئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بەچەکی ئەتۆمیی، مێژوو خۆی دوبارەدەکاتەوە؛ دوای تەواوبونی مۆڵەتی 60 ڕۆژی ترەمپ، ئیسرائیلو ئەمریکا پێشتر هێرشیانکردوەتەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئەمجارە ترەمپو هاوپەیمانەکانی ئامانجیان تەنها بەرنامە ئەتۆمییەکە نییە، بەڵکو بیر لە"گۆڕینی ڕژێم" دەکەنەوە.
2ـ ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان:
کوشتنی هەزاران کەس لەخۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران، ترەمپی هانداوە بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی، هەرچەندە پێشتر بڕیارەکەی دواخست بەهۆی کەمیی توانا سەربازییەکانی لەناوچەکەدا، بەڵام ئێستا بەناردنی کەشتیو فڕۆکەی زیاتر، ئەو کەلێنەی پڕکردوهتەوە.
3ـ پرەنسیپی "چێخۆف"
بهگوێرهى بنەمایەکی ئەدەبی ئەنتۆن چێخۆف، "ئەگەر لەبەشی یەکەمی شانۆگەرییەکدا تفەنگێک بەدیوارەکەوە هەڵواسرابێت، دەبێت لەبەشەکانی تریدا تەقەی پێبکرێت"، ناردنی ئەو هەموو هێزە بێ مەبەست نییەو لەگەڵ کەسایەتیی ترەمپدا ناگونجێت کە پاشەکشە بکات بەبێ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی ڕون.
4ـ گوشارەکانی ئیسرائیل
ئیسرائیل خۆی بۆ جەنگێکی گشتگیر ئامادەدەکات کە زۆر لەوە گەورەتربێت ترەمپ پێشتر بیری لێکردبوهوە، ناتانیاهۆو ترەمپ هەماهەنگی تەواویان هەیە بۆ تێکشکاندنی بەرنامەی ئەتۆمییو موشەکی ئێرانو لاوازکردنی بنەماکانی ڕژێم.
5ـ هەستکردن بەلاوازیی دەسەڵاتی ئێران
ئەمریکاو ئیسرائیل پێیانوایە، ئێستا ئێران لەهەموو کاتێک لاوازترە، بەهۆی خۆپیشاندانەکانو هێرشەکانی ساڵی ڕابردوو، توانای کاردانەوەی ئێرانییان کەمکردوهتەوە، بەرپرسانی واشنتۆن پێیانوایە، ئەگەر ئێستا هێرشبکرێت، تێچوەکەی زۆر کەمتردەبێت وەک لەوەی چەند ساڵێکی دیكه چاوەڕێبکەن.
6ـ بازاڕی نەوت
دۆخی ئێستای بازاڕی نەوت دەرفەتێکی ستراتیژییە؛ بڕی نەوت لەبازاڕدا زۆرەو نرخەکان جێگیرن، هەرچەندە هێرشەکە نرخەکان بەرزدەکاتەوە، بەڵام پێشبینیدەکرێت ئەو بەرزبونەوەیە کاتیو سنورداربێتو زیانی گەورە بەئابوری جیهان نەگەیەنێت.
