شارپرێس:
ئەمریکا بەردەوامە لەفشارەکانی بۆسەر عەرەبستانی سعودیە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەکڕینی فڕۆکەی جەنگی لەوڵاتانی وەک پاکستانو تورکیا، ئەمەش بەهۆی ترسی واشنتۆن لەکاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە لەسەر هەناردەی چەکو پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا.
بەگوێرەی پێگەی "دیفێنس نیوز"ی تایبەتمەند بەهەواڵە سەربازییەکان، لەکاتێکدا واشنتۆن جەخت لەوەدەکاتەوە، ئامادەیە فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوی جۆری F-35 بەسعودیە بفرۆشێت، داوای ڕونکردنەوەی تەواو لەبارەی پەیوەندییە سەربازییەکانی ڕیاز لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکات.
ئەوەش هاتوە، "ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی بەشێک لەقەرزەکانی سەر پاکستان ڕاگرتوە، کە بڕیاربوو لەبەرامبەر کڕینی فڕۆکەی JF-17 لەلایەن سعودیەوە بێت".
بەڵام نیگەرانییە گەورەکە لای پێنتاگۆن پەیوەستە بەبەشداریکردنی سعودیە لەپڕۆژەی فڕۆکەیKAANی تورکی؛ چونکە پێیانوایە، ئەمە بودجەی کڕینی چەکی ئەمریکی کەمدەکاتەوە.
پێگەکە دەڵێت، "سعودیە لەڕێگەی ئەم هاوکارییانەوەو یهگوێرهى ڕوانگەی 2030، دەیەوێت تەکنەلۆژیا بگوازێتەوەو سەربەخۆیی لەپیشەسازی بەرگریدا بەدەستبهێنێت، ئەمەش هەژمونی کۆمپانیاکانی وەک لۆکهید مارتنو بۆینگ لەناوچەکەدا دەخاتە ژێر مەترسییەوە".
