شارپرێس:
ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکرد، تاران بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی سەبارەت بەنوقمکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا، پشت بەتۆربیدی "حوت" دەبەستێت کە خێرایییەکی لەڕادەبەدەری هەیە.
بەگوێرەی شیکارییەکانی ماڵپەڕی "نتسیف"، ئەم زانیارییانە پاش وتەکانی عەلی خامنەیی دێن کە هاوکات لەگەڵ گەیشتنی کەشتییە جەنگییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەبراهام لینکۆڵنو جیرارد فۆرد بۆ ناوچەکە ڕایگەیاندبوو، ئەو چەکەی دەتوانێت کەشتییەک نوقم بکات لەخودی کەشتییەکە مەترسیدارترە.
ئەم تۆربیدە بەوەشانی پەرەپێدراوی تۆربیدی "VA-111 Shkval"ی ڕوسی دادەنرێتو بەتەکنەلۆژیای "کۆلوی گازی" کاردەکات؛ بەشێوەیەک کە لەناو بڵقێکی غازیدا دەجوڵێت، بۆ کەمکردنەوەی لێکخشانی ئاو، ئەمەش خێرایییەکەی دەگەیەنێتە 360 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، واتە چوار هێندەی تۆربیدە ئاسایییەکان.
حوت خاوەنی بزوێنەرێکی موشەکییە بەسوتەمەنی ڕەقو کڵاوەیەکی جەنگی بەکێشی 210 کیلۆگرام هەڵدەگرێت، کە دەکرێت لەژێردەریاییو کەشتییەکانەوە بهاوێژرێت.
هەرچەندە خێرایییە زۆرەکەی دەرفەتی بەرپەرچدانەوە بۆ کەشتییەکان کەمدەکاتەوە، بەڵام ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، مەوداکەی سنوردارەو لەنێوان 10 بۆ 50 کیلۆمەتردایە، هەروەها بەهۆی ئەو دەنگە بەرزەی لەکاتی جوڵەدا دروستیدەکات، سیستەمی ئاڕاستەکردنی ڕوبەڕوی گرفت دەبێتەوە.
ئەم ململانێ تەکنیکییە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆنو تاران لەناوچەکە گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.
