توركیا بۆردومانەكانی لەهەرێم دەستپێدەكاتەوە.. هۆشداری لەپەكخستنی پرۆسەی ئاشتی دەدرێت

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 650 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تیمی كوردستانی عێراقی ناسراو بە CPT ڕاپۆرتێكی وردی بڵاوكردەوەو هۆشداری دەدات و دەڵێت، بۆردومان و جموجۆڵی سەربازی نوێی تورکیا لەهەرێمی کوردستان، پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە بنکۆڵ دەکات.


ڕاپۆرتێکی نوێی تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەبارەت بە جموجۆڵە سەربازییە نوێکانی تورکیا و پڕۆسەی ئاشتی بڵاوكرایەوە، ئەوە خراوەتەڕوو كەتوركیا بۆردومان و هێرشەكانی لەناو خاكی كوردستاندا دەستپێكرۆدتەوە،بەشێوەیەك، لەڕۆژی6ی شوباتدا، بەمەبەستی دروستکردنی ڕێگاو دەروازەی سەربازی، سوپای تورکیا بەشێک لەگرد و چیاکانی نزیک لە (گەلی ڕەشاڤا)ی لەسنوری ناحیەی دێرەلوک، لە قەزای ئامێدی تەقاندەوە و بەشێکی زۆری دارستانەکانی دەروروبەری گەلیەکەشی بڕیەوە.

هەروەها ئەوەش ئاشكراكراوە، كە سوپای تورکیا پڕۆژەی ڕێگاوبانی سەربازی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی بنکەو بارەگاکان و دروستکردنی (ناوچەی دابڕی ئەمنی) لە (زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەرواری باڵا) تەواو کردوەو دەروازەی ناوچە دابڕەکەش گەلی ڕەشاڤایە.

بەگوێرەی ڕاپۆتەكە،  سوپای تورکیا، سێ کۆمەڵگەی سەربازی نوێی گەورەی لەسنوری قەزای ئامێدی دروستکردوەو ئەو کۆمەڵگە سەربازییانە لە (نەخۆشخانە، بنکەی مەشق و ڕاهێنان و تۆپخانە) پێکهاتون.

لەڕاپۆرتەكەی تیمی  ئەوەش هاتوە، كە لە ڕۆژی 7ی شوباتدا، دوو هەلیکۆپتەری سەربازی تورکیا، بەسەر چیای مەتینادا سوڕانەوە و وەکو بەشێک لە مەشقی سەربازی، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگە سەربازییە تازە دروستکراوەکاندا پریشکەی تەقەمەنییان بەسەر چیاکەدا خستە خوارەوە.

هاوكات، لەڕۆژی 13ی شوباتدا، تۆپخانەکانی تورکیا سێ جار تۆپبارانی کوێستانەکانی (خنێرە)یان لە سنوری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر کردو تەقاندنەوەی گرد و شاخەکانی گەلی ڕەشاڤا، بونەتە هۆی داڕمانی دوو شوێنەواری مێژویی دیاری ناوچەکە، کە یەکێکیان پردی (دووشاو)ە و مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومڕانی دەوڵەتی عەباسی.

بەگوێرەی ئامارێكی وردی ناو ڕاپۆرتەكە،  لە (١،١٩٢) گوند کە کاریگەری بۆردومان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیایان لەسەر بوە، تەنیا گوندنشینانی (٥) گوند دەرئەنجامی ئەرێنی پڕۆسەی ئاشتیان بەدی کردوەو توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان، کە ئەمەش تەنیا ڕێژەی (٠،٤٪)ی ئەو گوندانە پێکدەهێنێت کە کاریگەری بۆردوومانەکانییان لەسەر بوە.

هەروەها هەر بەپێی وردەكاریی ڕاپۆرتەكە،  لە ساڵی 2025دا، سوپای تورکیا (1,718) هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە لەم ژمارەیە (١،٤٢٦) هێرشیان لەدوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی بوون و (٩) هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی ئەو هێرش و بۆردومانانە.

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، نیگەرانی خۆی لەفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا، دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ، بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان ، بنیاتنانی ڕێگەی سەربازی، تەقاندنەوەی چیاکان و بڕینەوەی دارستانەکان دەردەبڕێت.

لەهەمانکاتدا، داوای هەنگاوی ڕژدتر لەتورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کشانەوە لەناوچە مەدەنی نشینەکان.