تورکیا لە بەردەم گۆڕانکارییەکی سیاسیی دایە کە بیلال ئەردۆغان ڕابەرایەتی دەکات

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی حکومەتی تورکیا، ڕێگا بۆ کوڕی سەرۆکی داهاتوو خۆش دەکات.

گۆڕەپانی سیاسی لە تورکیا شایەتی گۆڕانکاریی قووڵە لەگەڵ دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی حکومەت کە ئەم دواییانە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە ئەنجام درا؛ هەنگاوێک کە تەنها گۆڕانکارییەکی وەزاریی باو نییە، بەڵکو دەستکاریی کرۆکی ڕێوشوێنە داهاتووەکانی قۆناغی دوای خۆی دەکات.
ئەو دەستکارییانەی کە وەزارەتەکانی داد و ناوخۆی گرتەوە، لە چوارچێوەی سیاسیی گشتی دابڕاو نین، بەڵکو بەشێکن لە ڕێڕەوێکی پلەبەندی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکانی هێز لە ناو دەوڵەتدا، بەجۆرێک کە گەرەنتی توندکردنی کۆنترۆڵ بەسەر جومگە هەستیارەکانی بڕیاردان بکات، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دادوەری، ئەمن و پرۆسەی هەڵبژاردن.
دووبارە داڕشتنەوەی حکومەت لە کاتێکی هەستیاردا هات، لەگەڵ پەرەسەندنی گفتوگۆ ناوخۆییەکان دەربارەی داهاتووی سەرکردایەتی لە ناو پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٨دا.
لەم دۆخەدا، وا دەردەکەوێت ئەم هەنگاوە ئامادەکاری بێت بۆ ڕێوشوێنێکی فراوانتر، کە پەیوەستە بە ئامادەکردنی شانۆی سیاسی بۆ گواستنەوەیەکی ڕێکخراوی دەسەڵات لە ناو بازنەی نزیک لە سەرۆک، لەگەڵ دەرکەوتنی ناوی "بیلال ئەردۆغان" وەک یەکێک لە دیارترین کاندیدە ئەگەرەکان بۆ میراتگرتنی هەژموونی سیاسی لە ناو پارت و دەوڵەتدا.
گۆڕانکارییەکان لە وەزارەتەکانی داد و ناوخۆدا ئاماژەی تایبەتیان هەڵگرتووە، بەو پێیەی ئەم دوو دامەزراوەیە ئامرازی یەکلاکەرەوەن لە دەستبەسەرداگرتنی کایەی سیاسی. وەزارەتی داد سەرپەرشتی پێکهاتەی دادوەری دەکات، لەوانە دەستنیشانکردن و پلەبەرزکردنەوە و لێپرسینەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبردنی دەزگای پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ و ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان و سەرپەرشتیکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکانی لە ئەستۆدایە. کۆنترۆڵکردنی ئەم دوو کەرتە، توانایەکی گەورە دەداتە سەرکردایەتی جێبەجێکار بۆ ئاڕاستەکردنی دیمەنی سیاسی، چ لە ڕێگەی ڕێوشوێنە یاساییەکانەوە بێت یان لە ڕێگەی ئامرازەکانی کۆنترۆڵی ئەمنی.
جێگەی سەرنجە کە دەستنیشانکردنە نوێیەکان دەنگۆیەکی زۆریان لە ناو پەرلەمانی تورکیادا نایەوە، بەجۆرێک دانیشتنەکانی تایبەت بە گفتوگۆکردنی ئەم بڕیارە گرژییەکی توندی بەخۆیەوە بینی لە نێوان پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری (CHP)ی ئۆپۆزسیۆن. ئەم گرژییە ڕەنگدانەوەی قەبارەی مەترسییەکانی ئۆپۆزسیۆنە کە دەترسن ئەم گۆڕانکارییانە بەشێک بن لە ستراتیژییەتێکی فراوانتر بۆ لاوازکردنی نەیارە سیاسییەکانی سەرۆک لە ڕووی سیاسی و دادوەرییەوە.
لە پشتێنەی ئەم دیمەنەدا، ئامادەیی بیلال ئەردۆغان لە ژیانی گشتیدا ڕوو لە زیادبوونە، چ لە ڕێگەی چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانییەوە بێت یان لە ڕێگەی بەشداربوونی زیاتری لە بۆنە فەرمی و حزبییەکاندا. هەرچەندە تا ئێستا هیچ پۆستێکی فەرمی حکومی نییە، بەڵام چەندین ئاماژە هەن کە دەریدەخەن ئامادە دەکرێت بۆ ڕۆڵێکی سەرکردایەتی گەورەتر لە ناو پارتی داد و گەشەپێداندا. ئەگەر لە قۆناغێکی دواتردا سەرکردایەتی پارتەکە بگرێتە دەست، ئەوا هەبوونی تۆڕێکی دڵسۆزی لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەتایبەت دادوەری و ئەمن، شانسەکانی بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لە لوتکەی هەرەمی سیاسی بەهێز دەکات.
ئەو ستراتیژییەتەی وا دەردەکەوێت لە جێبەجێکردندا بێت تەنها پشت بە دەستنیشانکردنی کەسەکان نابەستێت، بەڵکو پشت بە بەڕێوەبردنی کاتی ئیستحقاقە سیاسییەکانیش دەبەستێت. بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕەنگە سەرکێشی بێت لە سایەی دابەزینی جەماوەریی پارتی دەسەڵاتدار بەهۆی بارودۆخی سەختی ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان. بۆیە ڕەنگە ئەردۆغان پێی باشتر بێت کات بەدەست بهێنێت لە ڕێگەی دووبارە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی و لاوازکردنی پلەبەندیی ئۆپۆزسیۆن پێش هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردن.
لە بەرامبەردا، ئۆپۆزسیۆن و لە سەرووی هەموویانەوە پارتی گەلی کۆماری، گرەو لەسەر بێزاری شەقام لە فشارە ئابوورییەکان و پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە پاشەکشەی ئازادییەکان و دامەزراوە دیموکراسییەکان دەکەن. بەڵام توانای جوڵەی ئەوان ڕەنگە کاریگەر بێت ئەگەر بازنەی ڕاوەدوونانی دادوەری یان بەربەستە کارگێڕییەکان فراوانتر ببن، بەتایبەت لە شارەوانییە گەورەکاندا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان.
پرسیارە سەرەکییەکە بەستراوەتەوە بە ڕادەی توانای سیستەمی سیاسی تورکیا بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی سەقامگیری لە لایەک و پاراستنی فرەیی سیاسی و دامەزراوە سەربەخۆکان لە لایەکی ترەوە. دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەت ڕەنگە بە فەرمی وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی کارایی و هەماهەنگی لە ناو دەزگای جێبەجێکاردا بناسێنرێت، بەڵام لە دیدی ڕەخنەگرەکانیدا، ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکە بەرەو چڕکردنەوەی زیاتری دەسەڵات لە دەستی سەرۆک و بازنە نزیکەکەیدا.
لە کۆتاییدا، داهاتووی دیمەنی تورکیا بە چەند هۆکارێکی تێکەڵاوەوە بەستراوەتەوە: پەرەسەندنی دۆخی ئابووری، یەکگرتوویی ئۆپۆزسیۆن، هەڵوێستی بنکە جەماوەرییەکەی پارتی داد و گەشەپێدان، و کاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. بەڵام ئەوەی دڵنیایە ئەوەیە کە دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئەم دواییەی حکومەت تەنها دەستکارییەکی کارگێڕیی تێپەڕ نییە، بەڵکو وێستگەیەکی یەکلاکەرەوەیە لە ڕێڕەوێکی سیاسیدا کە وا دەردەکەوێت بەرەو پێناسەکردنەوەی شێوازی گواستنەوەی دەسەڵات لە تورکیا هەنگاو دەنێت.
پێگەى العرب: ٢٤-٠٢-٢٠٢٦
وەرگێڕانی : د. حلمى رەسوڵ ڕەزا