"ڕاوچی بێدەنگ".. ئەو چەکەی ئێران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فڕۆکە شەبەحییەکانی ئەمریکا پشتی پێ دەبەستێت

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تاران و مۆسکۆ گرێبەستێکی سەربازیی گەورەیان بە بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ واژۆ کرد، کە ئامانج لێی کڕینی 2500 موشەکی پێشکەوتووی جۆری "ڤێربا"یە بۆ پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. 

 
ئەم هەنگاوەی تاران دوای ئەو هێرشانە دێت کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا کرانە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی و زیانیان پێ گەیاند، کە ئەوکات کۆشکی سپی ڕایگەیاند توانا ئەتۆمییەکانی ئێران تێکشکێنراون، بەڵام ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا پڕۆسەکە دواخراوە.

بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، ئەم ڕێککەوتنە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا کۆتایی هاتووە، ڕووسیا پابەند دەکات بە ڕادەستکردنی 500 یەکەی هاوێژەری گەڕۆک تا ساڵی 2029. 

بەرپرسانی سەربازیی ئێران دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم سیستەمە گەڕۆکانەوە ڕووبەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35 ببنەوە، چونکە سیستەمە بەرگرییە جێگیرەکان بە ئاسانی لەلایەن دوژمنەوە دەستنیشان دەکرێن و دەکرێنە ئامانج.

سیستەمی "ڤێربا" بە یەکێک لە پێشکەوتووترین چەکە ستراتیژییەکانی ڕووسیا دادەنرێت، کە خاوەنی هەستەوەرێکی سێ ڕەهەندییە بۆ ناسینەوەی تیشکی سەروو بنەوشەیی و ژێر سوور. ئەم تەکنەلۆژیایە وادەکات موشەکەکە بە ئاسانی جیاوازی بکات لە نێوان ئامانجە ڕاستەقینەکە و ئەو بڵێسە گەرمییە دەستکردانەی فڕۆکەکان بۆ چەواشەکاری بەکاری دەهێنن، هەروەها توانایەکی بەرزی هەیە لە ڕاوکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکەکان و موشەکە کروزەکان.

ئەم هاوکارییە سەربازییە، لەپاڵ مانۆڕە دەریاییە هاوبەشەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات لە کەنداوی عومان، مۆسکۆ وەک هاوبەشی یەکەمی ئەمنیی تاران جێگیر دەکات.

 ئێران لە ڕێگەی ئەم چەکە نوێیانەوە هەوڵ دەدات ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هەر هێرشێکی دەرەکی بکاتە ناوچەیەکی مەترسیدار و تێچووی هەر هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی بەرز بکاتەوە.