شارپرێس:
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی ئاشكرایكردوە، ئێران ڕازییە یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی بباتە دەرەوەی وڵاتەكەی و لەبەرامبەردا سێ داواكاری دیكەی ئەمریكای ڕەتكرۆدتەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئێران وەڵامێکی چەند لاپەڕەیی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا ناردوە، کە تێیدا ڕەزامەندی لەسەر هەندێک خاڵ نیشانداوە بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئێران لەرێگەی دەوڵەتی پاکستانەوە وەڵامی فەرمی خۆی بۆ واشنتن ناردوە سەبارەت بەکۆتاییهێنان بەجەنگ. هەرچەندە تاران خواستی بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان نیشانداوە، بەڵام وەڵامەکەی هەموو داواکارییەکانی ئەمریکا لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و داهاتوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی جێبەجێ ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاران پێشنیازی کردوە کە تەنیا بەشێک لەیۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی بمێنێتەوە كە تایبەتمەندییەکەی دابەزێنێت و بەشەکەی تری بنێرێت بۆ وڵاتی سێیەم نەک ئەمریکا.
هەروەها ئێران داوای گەرەنتی دەکات کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، دەبێت ئەو یۆرانیۆمەی نێردراوەتە دەرەوە بۆی بگەڕێندرێتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران سێ خاڵی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکای رەت کردوەتەوە، ماوەی ڕاگرتنی پیتاندن، ئەمریکا داوای 20 ساڵ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، بەڵام ئێران تەنیا بۆ ماوەیەکی کورتتر لەوە ڕازییە، هەڵوەشاندنەوەی بنکەکان، ئێران بەتوندی داواکاریی ئەمریکای بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕەت کردوەتەوەو ئامادە نییە پێش هەڵگرتنی گەمارۆکان هیچ گەرەنتییەکی یەکلاکەرەوە لەسەر داهاتوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.
ئێران پێشنیازێکی دیکەی خستوەتەڕوو کە بریتییە لەکۆتاییهێنان بەکردەوە سەربازییەکان، کردنەوەی پلەبەندیی گەروی هورمز بەڕوی کەشتییە بازرگانییەکانداو هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران بەشێوەیەکی هاوکات.
