شارپرێس:
بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ڕایگەیاند، لەچوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 3550 تۆن کەلوپەلی جۆراوجۆر بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و رێنماییەکان، لەلایەن تاقیگەو لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕەتکراونەتەوەو گەڕێندراونەتەوە یان لەناوبراون.
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەكە، لەماوەی نێوان 1ی کانونی دوەمی 2026 تاوەکو 30ی نیسانی 2026، بڕی 3550 تۆن کەلوپەلی جۆراوجۆر کە ویستراوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن، بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ رێنماییەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێگرییان لێکراوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، کە زۆربەی ئەو کەلوپەلانە بۆ وڵاتی سەرچاوە گەڕێندراونەتەوەو بەشێکیشیان لەناو بردراون، کەلوپەلەکان پێکهاتون لەکەرەستەی تەندروستی (خۆراک و خواردنەوە)، کشتوکاڵی، ڤێتێرنەری، کەرەستەی بیناسازی و پێداویستییەکانی جوانکاری.
ئاشكراكردنی ئەم ئامارانە لەكاتێكدایە، ڕۆژی ڕابردوو، دەروازەی سنوری (گرێ سپی) لەنێوان تورکیاو سوریا، یەکەمین کاروانی بارهەڵگریی ترانزێتی پێداتێپەڕی كەئەمەش وەک گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لەجوڵەی بازرگانی ناوچەکە دەبینرێت و هاوكات چاودێرانی سیاسییو ئابوریی باس لەوەدەکەن، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەستراتیژییەکی قوڵتری بەغدا بۆ کردنەوەی ڕێگەی جێگرەوە لەسوریاوە بۆ عێراق، فشارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر دەروازەی نێودەوڵەتی (ئیبراهیم خەلیل).
بەو پێیەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بڕبڕەی پشتی داهاتی هەرێمی کوردستانە، چالاککردنی ڕێڕەوی (تەل ئەبییەت ـ یەعروبییە) بەواتای کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق دێت بەو دەروازەیەو گواستنەوەی داهاتە گومرگییەکانە بۆ خەزێنەی حکومەتی ناوەندی بەبێ تێپەڕبون بەهەرێمدا.
