شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی عێراق ئەمرۆ سێشەممە بوونی هەر جۆرە سەربازگە یان بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلییان لە وڵاتەکەدا ڕەتکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە بیابانەکانی نەجەف و ئەنبار خاڵین لە لەم جۆرە چالاکییانە.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە بنکەی هیچ دەوڵەتێکی تر لە عێراقدا نییە و ئەوەی ڕوویداوە تەنیا پرۆسەیەک بووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا لە کاتی شەڕی سەر ئێراندا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە بەڵگە و وێنەوە ئەو بابەتەیان یەکلایی کردۆتەوە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە دوو بنکەی ئیسرائیلی لە بیابانی ڕۆژئاوای عێراقدا هەن و کارکردن بۆ دروستکردنیان لە ساڵی 2024ەوە دەستیپێکردووە، هاوکات پەرلەمانتار شاکر ئەبو ترابیش پێداگری لەسەر بوونی سەربازگەیەکی ئەمریکی-ئیسرائیلی دەکرد.
لەبەرامبەردا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕوونیکردەوە کە دوای پێکدادانێکی چەکداریی لە 5ی ئاداری 2026 لەگەڵ مەفرەزەیەکی نەناسراو کە بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی ئەمنی و برینداربوونی دووانی تر، پشکنینی فراوانیان بۆ بیابانەکانی کەربەلا و نەجەف کردووە و هیچ هێز یان کەرەستەیەکی سەربازیی نامۆیان نەدۆزیوەتەوە.