ئیسرائیل و ئیمارات سندوقێک بۆ دروستکردنی چەک بەهاوبەشی دروست دەکەن

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 63 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی میدیایی "میدڵ ئایست ئای" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە کە ئیمارات و ئیسرائیل خەریکی تاوتوێکردنی چوارچێوەیەکی نوێن بۆ هاوکاریی بەرگریی نێوانیان.

 
بەوتەی سەرچاوەکان، ئەم هەنگاوە دامەزراندنی سندووقێکی هاوبەش لەخۆدەگرێت کە ئامانج لێی دابینکردنی بودجە، کڕین و پەرەپێدانی سیستمی چەک و تەکنەلۆژیای بەرگریی پێشکەوتووە، بەتایبەتیی سیستمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ئەم سندووقە تەرخانکراوە، کە تێیدا پشتبەستن بە توانای تەکنەلۆژیی ئیسرائیل و سەرچاوە داراییەکانی ئیمارات دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، توێژەرێکی پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەم هاوکارییە بەردەوامی ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ساڵی 2020ی نێوان هەردوولایە، کە ڕێگەی بۆ هاوبەشیی فراوانتر خۆشکردووە.

تا ئێستاش هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەردوو وڵاتەوە سەبارەت بەم دەستپێشخەرییە سەربازییە بڵاونەکراوەتەوە.