شارپرێس:
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "بغداد الیوم"، کە پشتی بەسەرچاوەیەکی ئاگادار بەستوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەفتەی داهاتوو سەردانی شاری بەغدا دەکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم سەردانە لەچوارچێوەی هەوڵەکاندا دێت بۆ تاووتێکردنی چەندین دۆسیەی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵو حکومەتی هەرێمداو پێشبینیشدەکرێت، لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا کۆببێتەوە.
بهگوێرهى زانیارییە سەرەتاییەکان، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە پیرۆزباییکردنە لەعەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانو دەستبەکاربونی، هاوکات بۆچون گۆڕینەوەش دەبێت لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەبێئەوەی وردەکاریی زیاتر دەربارەی کارنامەی دیدارەکە بخرێتەڕوو.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەپەیوەندی بەردەوامی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنە سیاسیی، داراییو کارگێڕییەکان.
باس لەوەشکراوە، بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانو بەرپرسانی دیکە کۆدەبێتەوەو گفتوگۆکانیش زیاتر جەخت لەسەر پرسی بودجەی گشتیی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمو بارودۆخی ئەمنیو سیاسیی ناوچەکە دەکەنەوە تا بتوانن لەگەڵ کابینەی حکومەتی نوێی بەغدا بگەنە ڕێککەوتنی نوێ.
