بۆچی مردنی ئێمە کارەساتە، بەڵام مردنی ئەوى دی تەنها ئامارێکە؟

هەمەڕەنگ

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 915 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەسەردەمی جەنگدا، تەنها شارەکان ناڕوخێنرێن؛ بەڵکو شتێکی زۆر مەترسیدارتر دەڕوخێت، توانای مرۆڤ بۆ هاوسۆزیی، لەناو ئەو هەموو وێنەو هەواڵ‌و وێرانکارییەکاندا، ناڕێکییەکى دەرونیی قووڵ بەناوی هاوسۆزیی نایەکسان (Asymmetric Empathy) هێواش هێواش دەخزێتە ناو مێشکەکان، ئەم لاڕێیە وا لەمرۆڤ دەکات زۆرجار بەبێ ئاگاداری وا هەستبکات ئازاری لایەنەکەى خۆی ڕاستەقینەتر، قووڵترو شایستەی هاوسۆزیی زیاترە لەئازاری ئەوانی دیکە.

لێرەوە کارەساتە ئەخلاقییەکە دەستپێدەکات، منداڵێک کە لەشارەکەی ئێمە دەمرێت، دەبێتە تراژیدیایەکی مرۆیی، بەڵام ئەو منداڵەی لەو لاوەی سنور دەکوژرێت، تەنها دەبێتە هەواڵێکی خێرا یان ژمارەیەک لەناو ئامارێکی بێگیاندا.

کاتێک مرۆڤ دەبێتە ئامار
دەرونناسى، ئەم دیاردەیە بەداخورانى هاوسۆزی ناودەبات؛ دۆخێک کە مێشک هێواش هێواش توانای هەستکردن بەئازاری ئەوی دیکە لەدەستدەدات، بەتایبەت کاتێک دەمارگیریی، ترس‌و پڕوپاگەندە دەستوەردان دەکەن، لەم ساتەدا، عەقڵ چیتر مرۆڤ وەک مرۆڤ نابینێت، بەڵکو وەک دوژمن، مەترسی، زیانی لاوەکی‌و یان تەنها ژمارە سەیری دەکات، هەمان ئەو ناڕێکییەى کە ڕێگە دەدات مرۆڤ پەنجەى بەدوگمەی بۆمباراندا بنێت، لەکاتێکدا وا هەستدەکات ئەرکێکی ڕەوا ئەنجامدەدات، کاتێک لایەنی بەرامبەر لەمرۆڤبون دادەبڕێندرێت، تاوان خۆی بەرگى ئەرک دەپۆشێت.

جەنگی ڕاستەقینە لەناو مێشک دەستپێدەکات
مەترسیدارترین بەش ئەوەیە کە ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە تەنها سەربازو سیاسییەکان ناگرێتەوە؛ بەڵکو دەگات بەئێمەش، بەبینەران‌و شوێنکەوتوانی هەواڵەکان، ئێمەش دەکەوینە ناو هەمان داوەوە: بۆ منداڵێک دەگریین لەبەرئەوەى لەئێمە دەچێت، بەڵام بەرامبەر بەمنداڵێکی دیکە بێهەست دەبین، تەنها لەبەرئەوەى لەسنورێکی دیكه‌ دەژی، لەوکاتەدا، جەنگ تەنها شارەکان وێران ناکات؛ بەڵکو دەرونیش بیمار دەکات.

دەرچون لەچەقبەستوییە ئەخلاقییەکە
گەشەی هۆشی مرۆڤایەتی بەهێزی چەک‌و تەکنەلۆژیا پێوانە ناکرێت؛ بەڵکو بەتوانای بۆ وەستانەوە دژی ئەم پڕۆگرامە سەرەتایییەی ناو مێشک پێوانە دەکرێت، ئەوەی تێبگەین فرمێسکی دایکی دوژمن، هەمان پێکهاتەی کیمیایی‌و هەمان قورساییی سۆزداریی هەیە کە فرمێسکی دایکەکانی ئێمەی هەیە.

پێشئەوەی جەنگ سنورەکان داگیربکات، مێشکەکان داگیردەکات، لەبەرئەوە، گرنگترین خەباتی ئەخلاقی لەم سەدەیەدا ڕەنگە ئەوەبێت کە توانای هەستکردن بەئازاری مرۆڤ لەناخماندا بپارێزین؛ بێجیاوازی ڕەگەز، جوگرافیا یان ئاڵا.

ڕوتترین یاسای مانەوەی مرۆڤ
لەکۆتاییدا، مرۆڤایەتی خۆى لەبەرامبەر هاوکێشەیەکی سادە، بەڵام ترسناک دەبینێتەوە، یان دەبێت بەئازاری یەکتری بزانین، یان هەمومان دەبێت لەناو ئەو خەیاڵەدا لەناو بچین کە مرۆڤترین لەئەوانی دیکە. 

لەکۆتاییدا 
ئەگەر بەهای فرمێسکى ئەویدی یەکسان نەبێت بەبەهاى فرمێسکەکانمان، ئەوا بەدەستی خۆمان ئەم ماڵە هاوبەشە ئەم زەوییە ـدەکەینە خۆڵەمێش.