خامنەیی دژی خواستەکانی ترەمپ دەوەستێتەوەو بڕیارێک دەردەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران فەرمانیکرد رێگە نەدرێت بە بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران، کە داواکارییەکی سەرەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە.


ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لەزاری دوو سەرچاوەی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، موجتەبا خامنەیی، رابەڕی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران فەرمانی بە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردوە کە رێگە نەدەن یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان ببرێنە دەرەوەی ئێران، بە تایبەت ئەو یۆرانیۆمە لەئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نزیک بوەتەوە.

ئەم هەڵوێستەی خامنەیی توڕەییەکی زۆر لای ترەمپ دروستکردوەو پێدەچێت ساردی زیاتر بخاتە ناو دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.

هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان وتوە،" ترەمپ ئیسرائیلییەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە ئێران بڕی پێویستی یۆرانیۆمی پێتێنراوی هەیە کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ".

لای خۆشییەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە جەنگ کۆتایی نایەت تا یۆرانیۆمەکەی ئێران نەبرێتە دەرەوە و پشتگیریی تاران بۆ گرووپە هاوپەیمانەکانی و توانای مووشەکە بالیستییەکانی سەرکوت نەکرێت.

 ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی نێوەندگیران، بەتایبەت پاکستان، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بەردەوامە و ئەگەری هەیە سەرەتا ڕێککەوتن لەسەر ڕاگەیاندنی پرەنسیپەکان بکرێت و پرسی ئەتۆمی بۆ قۆناغێکی تر دوا بخرێت.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە ڕێژەی 60% هەیە، کە لە تیۆریدا بەسە بۆ بەرهەمهێنانی 6 تا 10 بۆمبی ئەتۆمی ئەگەر ڕێژەی پیتاندنەکەی بگەیەنرێتە 90%.