شارپرێس:
بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لەڕوسیا ڕایگەیاند کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا سودمەندی سەرەکین لەداخستنی گەروی هورمز.
بەڕێوەبەری گۆمپانیا ڕوسییەكە، هۆشداریدا کە بەردەوامیی گرژییەکان لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا، کە 20%ی نەوتی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت، زیانێکی درێژخایەن بەکەرتی نەوت دەگەیەنێت و جیهان بەرەو وزەی جێگرەوە دەبات.
ئیگۆر سێچین، بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لەڕووسیا، لەوتارێکدا لەکۆڕبەندی ئابوریی سانت پترسبۆرگ، هەنگاوەکانی ئەمریکای بەهەوڵێک بۆ دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی بازاڕی وزەی جیهان وەسف کرد تاوەکو خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی واشنتۆن بکات.
بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لەڕوسیا وتیشی،"داخستنی گەروی هورمز ڕاستەوخۆ ئێرانی کردە ئامانج، بەڵام لێکەوتە خراپەکانی هەموو جیهانی گرتەوە، تەنیا کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەبێت کە ئێستا نەوت بەنرخێکی زۆر گران دەفرۆشن".
سێچین وتی، ئەگەر گەروی هورمز لەداهاتویەکی نزیکدا بکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی هەر بەرمیلێک نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 95 بۆ 96 دۆلار، و ساڵی داهاتوو بۆ 80 بۆ 85 دۆلار دابەزێت، تاوەکو لەنیوەی دوەمی 2027دا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری ڕوسنەفت لەوتارەکەیدا، ناوی نابوو ماڵئاوایی لەسندوقی پاندۆرا، هۆشداریدا، جیهان بەرەو قەیرانی گەورەی کارەبا، خۆراک، کانزاو ئاو دەچێت. هەروەها ڕەخنەی لەهاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس گرت و وتی، بەهۆی کشانەوەی وڵاتانی وەک ئیمارات و قەتەر، هێزی ئەم هاوپەیمانییە کەم بوەتەوەو ئاستی بەرهەمهێنانیان لە 10 ساڵی رابردودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
