بەنزین لەهەرێم گرانبوو.. شارپرێس هۆكارەكەی ئاشكرادەكات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای بەرزبونەوەی نرخی سەرجەم جۆرەكانی بەنزین لەهەرێمی كوردستان، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەشارپرێسەوە هۆكارەكەی ئاشكرادەكات‌و دەڵێت، "هاتنی بەنزینی بازرگانی كەمیكردوەو كه‌مبونه‌وه‌ى بەرهەمی ناوخۆییش لەدانه‌غازو كارەوە هۆكاری گرانی نرخەكەن".


بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكی تایبەتدا بەشارپرێسی ڕاگەیاند، "بەهۆی كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی پاڵاوگە ناوخۆییەكان‌و كاریگەرییەكانی قەیرانی بەنزینی بازرگانی، نرخی بەنزین بازرگانی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان زیاد بوە".

دەشڵێت، "نرخی سەرجەم جۆرەكانی بەنزین لەسلێمانی 50 دینار زیادیكردوە، لەهەولێرو دهۆك نرخی هەر جۆرێك لەجۆرەكانی بەنزین 150 دینار زیادیكردوەو لەسلێمانیش تەنها 50 دینارە".

لەبارەی هۆكارەكەیەوە، بەشارپرێسی وت، "پێشتر لەئێران‌و خواروی عێراقیشەوە بەبازرگانی بەنزین دەهات ئێستا زۆر كەمبوه‌تەوەو بەرهەمی دانه‌غازو كاریش زۆر كەمبوه‌تەوەو خواستیش لەسەر بەنزین زۆرە بەهۆی ئەوەی وەرزەكە گەرمەو ئوتۆمبێل زیاتر بەكاردێت‌و لەم وەرزەدا گەشتیاریش زۆر دێتە شارەوە".

لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزین لەكوردستان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، بڕیارە ئاستی بەرهەمهێنان لەپاڵاوگە ناوخۆییەكان زیاد بكرێتەوەو لەچەند ڕۆژی داهاتودا دۆخەكە وەك پێشوی لێ بێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێكە نرخی هەر سێ جۆرەكانی بەنزین (سوپەر، موحه‌سن‌و نۆرماڵ) بەرزبوه‌تەوە.

بەپەلە