ئۆجه‌لان‌و باکرهان نەخشەڕێگه‌یەکی نوێ بۆ دیموکراسی ڕادەگەیەنن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1193 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەیامێکی گۆڕانکاریخوازو هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچونی کۆنفڕانسی خۆبەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان لەباکوری کوردستان، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکەو تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی "دەم پارتی"، جەختیان لەسەر گۆڕینی ڕیشەیی سیستمی بەڕێوەبردن لەتورکیادا کردەوەو ڕایانگەیاند، کلیل‌و دەربازبونی وڵات لەکێشە درێژخایەنەکانی، تەنها لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل‌و بەهێزکردنی دیموکراسیی خۆجێییەوە دەبێت.


عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان لەپەیامەکەیدا، کە ڕوی لەپەرەپێدانی بنەمای کۆمەڵایەتی كردوه‌ ده‌ڵێت، "دیموکراسیی ڕاستەقینە لەخوارەوە بۆ سەرەوە دەستپێدەکات، ئەگەر شارەوانییەکان ببنە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئیرادەی خەڵک، دەتوانن گەورەترین کێشەکان چارەسەربکەن".

 ئۆجه‌لان سیستمی "قەیوم" (سەپاندنی سەرپەرشتیاری دەوڵەتی) بەبەربەستێکی نادیموکراتیک ناوبردو ڕونیکردەوە، "ئەگەر گەل خۆی بەخاوەنی بڕیارەکان بزانێت‌و لەڕێگەی کۆمۆنی گوندو گەڕەکەکانەوە ڕێکبخرێت، چیدیکە ڕێکارە نادیموکراتیکەکان ناتوانرێت بەسەریاندا بسەپێنرێت، سەرکەوتنی ئەم مۆدێلە زەمینەیەکی پۆڵایین بۆ پرۆسەی ئاشتی‌و گفتوگۆ دەڕەخسێنێت".

لەهەمان چوارچێوەدا، تونجەر باکرهان لەوتارێکی کاریگەردا ڕەخنەی توندی لەبەردەوامیی سیاسەتی قەیوم گرت‌و ڕایگەیاند، "سەرەڕای هەموو قسەوباسەکان لەسەر پرۆسەی چارەسەریی، هێشتا مافەکانی مرۆڤ‌و بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا لەتورکیادا پشتگوێدەخرێن".

باکرهان بەدەنگێکی بەرز هاوسەنگییەکی مێژویی خستەڕوو و وتی، "تورکیا پێویستی بەدیموکراسییەکی بەهێز هەیەو کوردیش پێویستی بەئاشتییەکی بەشکۆ هەیە".

ئەو داوایکرد، تەواوی کۆسپەکانی بەردەم یاسا نێودەوڵەتییەکان لاببرێن بۆ ئەوەی وڵات لەم تەنگژە سیاسییە ڕزگاری بێت.