شارپرێس:
تورکیا دوێنێ فەڕەنسا و کۆماری قوبرسی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی
یاسای نێودەوڵەتی، ئەمەش دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک بۆ دیاریکردنی پێگەی هێزەکان،
کە بنەمایەکی یاسایی بۆ کارکردنی سەربازیی فەڕەنسا لەم دوورگە جێ ناکۆکەدا دەستەبەر
دەکات.
ئەدمیراڵ زەکی ئکتۆرک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا،
ڕایگەیاند کە ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێریی ئەم "پێشهاتە ورووژێنەرە" دەکات
کە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و زیادبوونی گرژییەکان.
ئکتۆرک جەختی
کردەوە کە فەڕەنسا پێگەی "دەوڵەتی زامنکار"ی لە قوبرسدا نییە، و ئەم هەنگاوەش
هاوسەنگییە هەستیارەکانی دوورگەکە بە تاکلایەنە دەگۆڕێت.
ئەم ڕێککەوتنە لە 8ی حوزەیراندا لە نيقۆسیا واژۆ کراوە،
و ڕێگا بە جێگیرکردنی کاتیی هێزەکانی فەڕەنسا، ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەش و بەکارهێنانی
بنکە سەربازییەکان بۆ پاڵپشتی لۆجستی دەدات.
لە بەرامبەردا،
نیکۆس کریستۆدۆلیدیس، سەرۆکی قوبرسی یۆنانی، ڕایگەیاندووە کە ئەم جێگیرکردنە تەنها
بۆ "مەبەستی مرۆیی"یە.
هاوکارییە بەرگرییەکانی نێوان پاریس و نيقۆسیا لە مانگی
ئازاری ڕابردووەوە پەرەی سەندووە، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران هێرشی
کردە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانیا لە باشووری قوبرس.
دوابەدوای ئەوە،
فەڕەنسا کەشتی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل"
و یەکەکانی دژە درۆنی لە ناوچەکەدا جێگیر کرد.
ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە ڕکابەرییە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی
دەریای ناوەڕاست توندتر بوونەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی یۆنان، قوبرس و ئیسرائیل لە
کانوونی یەکەمی 2026دا پلانی هاوکاریی سەربازیی سێلایەنەیان واژۆ کرد.
وتەبێژەکەی وەزارەتی
بەرگریی تورکیا لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە هەر هاوپەیمانێتییەک بەرژەوەندییەکانی
تورکیا و کۆماری قوبرسی باکوور (کە نێزیکەی 40000 سەربازی تورکی لێیە) پشتگوێ
بخات، چانسی سەرکەوتنی نابێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
