شارپرێس:
ئاژانسی "بلۆمبێرگ" لەسەر زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای کرد
کە بۆ یەکەمجار لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران، کۆبوونەوەیەکی
ڕاستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات و ئێران بەڕێوەچووە؛
ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە پێوەندییەکانیاندا دەبینرێت دوای چەندین مانگ لە
گرژیی سەربازی.
بەپێی سەرچاوەکان، ئیمارات دەیەوێت پڕۆژە ئابوورییە زەبەلاحەکانی لە بوارەکانی
نەوت و ژیریی دەستکرددا بپارێزێت، لە کاتێکدا ئێران ئیمارات بە هاوبەشێکی بازرگانیی
گرنگ بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی دەزانێت.
ئەوەش هاتووە: سەرەڕای ئەوەی ئیمارات
لە کاتی جەنگدا ڕووبەڕووی زۆرترین هێرشی ئێرانی بووەوە، بەڵام ئێستا گەیشتۆتە ئەو
بڕوایەی کە ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بژاردەیەکی واقیعی نییە و پێویستە ڕێگەی دیپلۆماسیی
بگرێتەبەر، هاوشێوەی سعوودیە و قەتەر کە ئەوانیش پێشتر هێرشیان کرابووە سەر و ئێستا
بەرەو هێورکردنەوەی دۆخەکە هەنگاو دەنێن.
وڵاتانی کەنداو پێیان وایە بەهۆی پێگەی
جوگرافی و سەربازیی ئێرانەوە، پێکەوەژیان بووەتە پێویستییەکی ستراتیژی.
بەرپرسێکی ئیماراتی ڕایگەیاندووە کە سیاسەتیان لەسەر بنەمای هێورکردنەوە و
سەقامگیرییە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داواکاریی سەرۆکی ئیمارات و سەرکردەکانی سعوودیە
و قەتەر لە دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی مانگی ئایاردا، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە
دانوستان و نەگەڕێنەوە بۆ جەنگێکی گشتگیر.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
