شارپرێس:
سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەمریکی و ناوچەیییەکان ئاشکرایان کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ڕەشنووسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ڕێککەوتنێکی بەرفراوانتر.
ئەم لێکتێگەیشتنە سەرەتایییە دەستبەجێ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا بەبێ سەپاندنی باجی تێپەڕبوون لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەردا سزاکانی سەر تاران بەپێی ئاستی پابەندبوونی بە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی پلەبەند سووک دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئۆکسیۆسی ئەمریکی، ڕەشنووسەکە مەرجی درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لەخۆدەگرێت کە گۆڕەپانی لوبنانیش دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی وردتر دەستپێبکەنەوە.
دیپلۆماتکارێکی یەکێک لە وڵاتە ناوبژیوانەکان ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن و تاران لەسەر دەقی بەڵگەنامەکە ڕێککەوتوون، بەڵام چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایی سەرکردایەتیی سیاسیی هەردوو وڵات دەکات. لایەنی ئێرانی لە ئاستی باڵادا ڕەشنووسەکەی پەسەند کردووە، بەڵام هێشتا ڕەزامەندیی کۆتایی لەلایەن موجتەبا خامنەیی ڕابەری باڵاوە پێنەبەخشراوە.
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە کۆتایی هەفتەدا بەڕێوەبچێت، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
یاداشتنامەکە پابەندبوونی ئێران بە هەوڵنەدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەخۆدەگرێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە بژاردەکان کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە ناوخۆی ئێراندا لەژێر چاودێریی پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
لایەنێکی تری گرنگی یاداشتنامەکە کەمکردنەوەی سزاکان و گەڕانەوەی کەشتیوانییە، بە شێوەیەک کە گەرووی هورمز دەستبەجێ دەکرێتەوە و جووڵەی کەشتییەکان لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش شەڕ، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا کە پەیوەستن بە قەیرانی ئەم دواییانەوە.
هەروەها ئەمریکا بەخشینی کاتی لە هەندێک سزا بە ئێران دەدات کە ڕێگەی پێدەدات بۆ ماوەی 60 ڕۆژ نەوت هەناردە بکات و داهاتی دارایی گرنگ بەدەستبهێنێت.
هاوکات دۆسیەی ملیارەها دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە دەرەوە وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ماوەتەوە. تاران داوای بەدەستهێنانی بەشێک لەو پارانە دەکات دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، لە کاتێکدا واشنتۆن پێداگری لەسەر ئازادکردنی پلەبەندی دەکات بەپێی پابەندبوونی ئێران.
لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا و ئێران و قەتەر میکانیزمێکیان تاوتوێ کردووە کە ڕێگە بە تاران دەدات بگاتە بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی.
ئەم فۆرمۆڵە ئێستای ڕێککەوتنەکە دوای گفتوگۆی چڕ بە سەرکردایەتیی قەتەر و پاکستان و لە ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی بەدەستهاتووە، و بڕیارە لە کاتی واژۆکردنی فەرمیدا ناوی ڕێککەوتنامەی ئیسلام ئاباد-ی لێ بنرێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
