شارپرێس:
دەستەی پەخشی فەرمی ئیسرائیلی
"کان" ئاشکرای کردوە کە تورکیا ڕێگەنادات سوریا بەشداریی بەشداری شەری دژ بە حزبوڵڵا بکات، دەشڵێت، تورکیا نایەوێت حزبوڵا بەیەکجاری لەناوبچێت، بۆ ئەوەی هەژمونی ئیسرائیل لەناوچەکە بەهێز نەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەنکەرە ڕێنمایی ئەحمەد شەرع،
سەرۆکی سوریای کردوە کە بەشداریی لە هیچ جۆرە جوڵەیەکدا نەکات کە پشتگیریی لە
هەوڵەکانی ئیسرائیل یان لوبنان بکات بۆ لاوازکردنی حزبوڵڵا، چونکە تورکیا پێی وایە
هەرەسهێنانی تەواوی ئەو حیزبە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەژمونی ئیسرائیل لە
ناوچەکەدا، ئەمەش لەگەڵ حیساباتی سیاسیی ئەواندا یەکناگرێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دیمەشق وەک
نەیارێکی سیاسیی و ئەمنیی سەیری حزبوڵڵا دەکات، بەڵام تورکیا دەیەوێت کۆنترۆڵی هەر
گرژییەک بکات کە ببێتە هۆی پێکدادانێکی بەرفراوان.
لە بەرانبەردا، ئەمریکا بە
سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ بە ئاراستەیەکی جیاوازەوە کارەدەکات کە بریتییە لە
هەوڵی بەشدارپێکردنی سەرکردایەتیی سوریا لە ڕێکخستنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی حزبوڵڵاوە،
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هەرێمییەکان.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی سووریا لە
هەفتەی داهاتوودا سەردانی واشنتۆن بکات بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی هەستیار،
لەوانەش ڕۆڵی سووریا بەرامبەر حزبوڵڵا.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا دێن
کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنکەرە و تەلئەبیب بەهۆی لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
دژی ئیسرائیل و تۆمەتبارکردنی بە فراوانخوازی توندتر بوونەتەوە.
