تێکەڵکردنی ئاسایشی ناوخۆیی حەسەکە لەگەڵ هێزەکانی سوریا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 209 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە، لەئێستادا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایش دەکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا تێکەڵ بکرێن.


مەحمود خەلیل، جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە رایگەیاند، وەک قۆناغی یەکەمی تێکەڵکردنی ‌هێزەکان لەئێستادا چاوپێکەوتن لەگەڵ دەیان ئەفسەری ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردوە، دواتر چاوپێکەوتن لەگەڵ تەواوی کارمەندانی ئاسایش دەکرێت.

ئەوەشیخستەڕوو، ئەفسەر و کارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ بەپێی پێویستی بەسەر دامودەزگا فەرمییەکان دابەشدەکرێن، بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونیان وەربگیرێت.

هاوکات، ئەحمەد هیلالی، یاریدەدەری پارێزگاری حەسەکە و وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی راسپێردراو بەجێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد،" پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان بەرەوپێشچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و چاوپێکەوتنەکانیش بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەدەچن ".

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی "تەلەفزیۆنی سوریا" بڵاویکردوەتەوە، پرۆسەی تێکەڵکردن بەمانای ئەوا نایەت کە سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ، بەڵکو پەیکەربەندی هێزە ئەمنییەکان بەتەواوەتی رێکدەخرێتەوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، لەئێستادا کاردەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کارمەندانەی خەڵکی ناوچەی عەفرینن، راژەیان بگوازرێتەوە بۆ زێدی خۆیان بۆ ئەوەی سەقامگیری ئەمنی لەو ناوچانە فەراهەم بکرێت و ناوچەکە لەلایەن هێزی خۆجێیەوە بپارێزرێت.