شارپرێس:
سبەی شەممە، 13ی حوزەیران
پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە سەکۆی بەڕێوەچونی بۆنەیەکی گەورەی جیهانیی و ناوی دەچێتە ڕیزی
ئەو وڵاتانەی کە بۆنەکە دەکەنە دەرفەتی گەشەسەندن و بوژانەوە لەبوارە جیاوازەکاندا.
بڕیارە سبەینێ شەممە، بۆنەی تێدئێکسی جیهانیی بە ناوی تێدئێکس
ئاشتی لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبچێت و ڕێکخەرانی بۆنەکەش دەڵێن،" ئامانجمانە
جارێکی تر ناوی هەڵەبجە بخەینەوە سەر نەخشەی وڵاتانی جیهان بۆ بەڕێوەچونی بۆنە جیهانییەکان
و بە دونیا بڵێین گەنجانی هەڵەبجە خاوەنی داهێنان و چیرۆکەکانی سەرکەوتنن، کە تەواوی
دونیا چاوی لەو جۆرە چیرۆکانەیە".
هاوکار عزەت، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردن و وتەبێژی تێدئێکس
ئاشتی بە شارپرێسی ڕاگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان کراون و بۆنەکە لە کاتی خۆیدا
و سبەینێ شەممە لەهۆڵی ڕوانگەی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک کۆمپانیای
هەڵەبجە و کوردستانیش پشتیوانی بۆنەکە دەکەن.
وتەبێژی تێدئێکس ئاشتی لەبارەی چالاکیەکانی بۆنەکەوە وتی،"
لە تێدئێکس ئاشتیدا 13 کەسی سەرکەوتوو لە بوارە جیاوازەکانی ئەکادیمی و ئابوری و داهێنان
و زانستی و وەرزشی و ئیداریدا چیرۆکەکانیان دەگێرنەوە کە هەمویان چیرۆکانێکن پێویستە
هەموو گەنجێک بیانبینێت و چاویان لێ بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئیلهام لە چیرۆکەکانەوە
وەربگرێت و بیکاتە سەرمەشق بۆ سەرکەوتن و داهێنان، هەروە وەک چۆن لە دروشمەکەمان
وتومانە (داهاتوو دەنوسینەوە)".
هاوکار عزەت لەبارەی میوانەکانی بۆنەکەوە بەشارپرێسی وت
“گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوەکان
و دامودەزگاکانی پارێزگای هەڵەبجە میوانی بۆنەکەن و هەموان پێکەوە بینەری چیرۆکە ئیلهام
بەخشەکانی گەنجانی هەڵەبجە و کوردستان دەبن".
بە پێی ئەو ئامادەکاریانەی کە بۆ بۆنەکە کراون، تێدئێکس
ئاشتی بە پێی هەموو ستانداردە جیهانییەکان دەبێتە گەورەترین بۆنەی گەشەپێدان و گەنجان
و داهێنان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە و بڕیارە یەک ڕۆژ بخایەنێت.
