شارپرێس:
بەرپرسێکی کۆشکی سپی زانیاری نوێ و هەستیار لەبارەی
رێکەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرادەکات و دەڵێت، بەپێی
یەکێک لە بڕگەکان ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لەناودەبات و کۆتایی بە بەرنامە
ئەتۆمییەکەی دەهێنێت، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا سزای ئابوری لەسەر ئێران هەڵدەگرێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای "کۆشکی
سپی"یەوە بڵاویکردوەتەوە،" لەدوایین دانوستانەکاندا ئێران رازی بوە بە
کردنەوەی گەروی هورمز و کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەجۆرێک کە یۆرانیۆمە
پیتێنراوەکەی لەشوێنی خۆی لەناودەبردرێت و دواتر دەبرێتە دەرەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەبڕگەیەکی دیکەی رەشنوسی رێکەوتنەکەدا
ئاماژە بەوەکراوە کە ئێران رازی دەبێت بە دیاریکردنی سیستمێکی پشکنینی توندی
بەرنامەی ئەتۆمی.
بەگوێرەی رەشنوسی رێککەوتنەکە، ئەگەر ئێران پابەند بێت
بەو بڕگانە، گەمارۆی دەریایی لەسەر و سزا ئابورییەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێت و
شەڕ لەتەواوی بەرەکاندا رادەگیرێت.