باڵیۆزو جەنەراڵەکان.. تۆڕە ئاڵۆزەکەی ئێران بۆ بەهێزکردنی تواناکانی حزبوڵڵای لوبنان

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 106 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی پەخشی عیبری "کان"، بەرپرسانی سەربازیی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی لوبناندا بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی حزبوڵڵا، ئەمەش بەدوور لە چاوی حکومەتی فەرمیی لوبنان.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لە باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت کە ڕەتیدەکاتەوە وڵاتەکە جێبهێڵێت، ئەفسەرە باڵاکانی ئێران وەک ئەڵقەیەکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان تاران و حزبوڵڵادا کار دەکەن و تەنانەت بەشدارن لە پرۆسەی بڕیاردان و سەرکردایەتیکردنی حزبەکەدا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ئەم بەرپرسە سەربازییانە وێنایەکی ورد لەسەر پێداویستییەکانی حزبوڵڵا دەگەیەننە تاران و هانی لایەنی ئێرانی دەدەن بۆ زیادکردنی دەستوەردانەکانی لە لوبنان، بە جۆرێک کە پێدەچێت ڕۆڵیان هەبووبێت لە بڕیاری هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وەک وەڵامێک بۆ بەئامانجگرتنی گەڕەکی زاحیەی بەیرووت.

لە ئێستاشدا ئەم لایەنە ئێرانییانە کار بۆ دابینکردنی پارە، چەک و مەشق و ڕاهێنانی زیاتر دەکەن بۆ حزبوڵڵا، بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی حکومەتی لوبنان کە دەیەوێت سنوورێک بۆ جووڵەکانیان دابنێت.

لە لایەکی دیکەوە، حزبوڵڵا بە توندی ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری چەکەکەی ببێت، بە جۆرێک کە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ڕایگەیاندووە کە داماڵینی چەک بە واتای کۆتاییهاتنی بوونی حزبوڵڵا دێت و ئەوان لەژێر هیچ بارودۆخێکدا ئەمە قبوڵ ناکەن.

حزبوڵڵا لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای ئەو گورزە بەهێزانەی بەری کەوتوون، توانیویەتی بەشێک لە تواناکانی خۆی سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە و کۆنترۆڵی کۆگاكانی چەکی بکاتەوە و شێوازی نوێی شەڕکردن پەرەپێبدات.

ئەم دۆخە لوبنان دەخاتە بەردەم یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1990، چونکە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حکومەتی لوبنان زیادیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربرست کە داوای سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و داماڵینی چەکی حزبوڵڵا دەکات.

ئەمەش هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی دروستکردووە، چونکە داوا لە دەوڵەتێکی لاواز و داڕووخاوی ئابووریی دەکرێت ڕووبەڕووی هێزێکی سەربازیی و سیاسیی گەورە ببێتەوە، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆیی هاوشێوەی ساڵانی نێوان 1975 بۆ 1990ی لێدەکرێت.